سەرۆكی یەكێتیی تۆپی پێی كوردستان رایگەیاند، كونسڵخانەی رووسیا لە هەولێر یارمەتی هەڵبژاردەی كوردستان دەدات بۆ بەشداریكردن لە پاڵەوانیەتیی كۆنیفا، كە لە رووسیا بەڕێوەدەچێت.
سەفین كانەبی رایگەیاند: ئەمڕۆ كۆنسڵخانەی رووسیا لە هەولێر پێشوازی لە شاندی یەكێتیی تۆپی پێی كوردستان كرد و ئامادەیی هەر هاوكارییەكیان دەربڕی بۆ هەڵبژاردەی تۆپی پێی كوردستان.
كانەبی ئاماژەی بەوەدا لەلایەن یەڤگینی ئارژانتسێڤی كونسڵی رووسیا لە هەولێر پێشوازیكراون و ئامادەییان دەربڕیوە هەر پێداویستی و هاوكارییەك، كە بۆ تیپی هەڵبژاردەی كوردستان پێویست بێت، جێبەجێی دەكەن، بە تایبەتی لە بابەتی گەشتكردن بەرەو رووسیا و دابینكردنی ڤیزا و كاروبارەكانی.
سەرۆكی یەكێتیی تۆپی پێی كوردستان رایگەیاند، سوپاسی كونسڵخانەی رووسیایان لە هەولێر كردووە و گوتیشی: "ئەم پێشوازی و هاوكارییە، هانمان دەدات بە شێوەیەكی باش بەشداریی لە پاڵەوانیەتیی كۆنیفا بكەین".
SPEE SPORT - KFA