موقتەدا: هەڕەشەی کوشتنم لێکراوە

ئەمڕۆ ٣/٤ بۆ جارێکی تر لایەنگرانی تەوژمی سەدر دژی گەندەڵی کاتژمێر سێی پاشنیوەڕۆ لە دەراوزەکانی ناوچەی سەوز لەبەغدا خۆپیشاندان دەکەن، موقتەدا سەدریش رایگەیاند " هەڕەشەی کوشتنی لێکراوە، بەڵام سوورە لەسەر ئەوەی بەشداری خۆپیشاندانەکە بکات". 

ئەوە لە کاتێکدایە فەرماندەی پرۆسە سەربازیەکانی بەغدا لە بەیانێکدا ئاماژەیان بۆ ئەوە کرد کە ئەو خۆپیشندانە مۆڵەتی نییەو هەر کارێکی نەخوازراویش رووبدات تەوژمی سەدر بەرپرسیارە.

موقتەدا داوا لە خۆپیشاندەران دەکات خۆپیشاندانەکانی ئەمڕۆ توورە بێت، بەڵام سروشتی ئاستیانەی تێکنەدەن و نەچنە ناوچەی سەوزو، چاوەڕوانی ئەو ماوەیە بکەن کە داویانە بە حكومەت بۆ دەستکردن بە چاکسازی بنەڕەتی.

سەدر کە دوێنێ ئەوەی ئاشکرا کرد کە هەڕەشەی لێکراوە ئەگەر بچێتە خۆپیشاندانەکەوە دەکوژرێت، بەڵام ئەو سووربوونی خۆی لە چوونی بۆ ناو خۆپیشاندانەکە دووپات کردەوە، هەرچەندە ئەو لایەنەی ئاشکرا نەکرد کە هەڕەشەی کوشتنی لێکردووە.
سەدر رازیبوونی خۆی لە خۆپیشاندانی ملیۆنی هەفتەی رابردوو راگەیاند، هاوکات وتیشی" خۆپیشاندانی ئەمڕۆ چوونە ناو ناوچەی سەوزەوە لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەدا نییە".

رۆژی ٢/٢٦ لە مەیدانی تەحریر لایەنگرانی سەدر خۆپیشاندانێکی سەد هەزار کەسیان ئەنجامدا، ئەم هەفتەیەش خۆپیشاندانەکان نزیکبوونەوە لەو شوێنەوە کە فەرمانبەرانی پلە باڵای دەوڵەت حوکمی عێراقی لێوە دەکەن، کە بەناوچەی سەوز ناسراوە، ئەم خۆپیشاندانە لەهەلومەرجێکدا بەڕێوە دەچێت کە لە رۆژانی رابردوودا دیالەو بەغدا چەندین تەقینەوەی بەخۆوە بینی.



AM:11:14:04/03/2016