هەرچەندە تا ئێستا دیارنییە کە هەردوو باڵە ناکۆکەکەی یەکێتی بەشداری کۆبوونەوەی سبەینێی مەکتەبی سیاسی حیزبەکەیان دەکەن، بەڵام کۆبوونەوەی سبەی " کۆبوونەوەیەکی قورس دەبێت".
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە سپی راگەیاند کۆبوونەوەکە بۆ هەڵسەنگاندنی کۆبوونەوەی ٣/٦ نێوان مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتییە لە پیرمام، هەردوو باڵی ناکۆکی نێو یەکێتی لەسەر ئاستی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ پارتیدا، گوومان لەیەک تر دەکەن.
سپی زانیوویەتی باڵی کۆسرەت رەسوڵ و بەرهەم ساڵح گومان دەکەن لەباڵی هێرۆ ئیبراهیم و، پێیانوایە ئەو کۆبوونەوەیەی لەگەڵ پارتی سازیان کرد زیاتر " شکڵی"یەو هەردوو بنەماڵەی تاڵەبانی و بارزانی لەسەر زۆرپرسی وەک نەوت و حوکمڕانی و پرسی ئەمنی رێککەوتوون و هەر راگەیاندنی ماوە.
وەک سەرچاوەکەی سپی باسی لێوە دەکات باڵی هێرۆ ئیبراهیمیش لای خۆیانەوە مەترسی ئەوەیان هەیە کە باڵی کۆسرەت رەسوڵ و بەرهەم ساڵح لەگەڵ ماڵی بارزانی رێکبکەون و ئەمان بخەنە دەرەوەی گەمەکە.
پرسی بەشداریکردنی بافڵ تاڵەبانی لە کۆبوونەوەی ٣/٦ دا لە پیرمام، یەکێک دەبێت لەو پرسانەی کە ئەگەری زۆرە کۆبوونەوەکە بەرەو بارگرژی ببات، چونکە بەپێی زانیارییەکانی سپی باڵی کۆسرەت رەسوڵ تا ئەو ساتەی نەچۆتە کۆبوونەوەکەوە، نەیانزانیوە بافڵ بەشداری دەکات، لە کاتێکدا ناوبراو نە ئەندامی مەکتەبی سیاسیە، نە ئەندامی سەرکردایەتییە.
تا ئێستا ئەوەش روون نییە کە هەموو ئەندامانی مەکتەبی سیاسی سەر بە باڵی کۆسرەت رەسوڵ و بەرهەم ساڵح بەشداری کۆبوونەوەی سبەینێ دەکەن، ئەمە لە کاتێکدا بەرهەم ساڵح بەشداری کۆبوونەوەی ٣/٦ نێوان هەردوو مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتی نەکرد.