میترۆ: هێرشی ئەلیكترۆنی بەربەستێكی دیكەیە لەبەردەم ئازادی رادەربڕین
سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەمەنوسان لە بەیاننامەیەكدا هێرشی ئەلیكترۆنی بۆ سەر پێگە سەربەخۆیانی هەرێم مەحكوم دەكات.
دەقی بەیاننامەكە:
ئاسایشی پێگە ئەلیكترۆنییە سەربەخۆكان پارێزراو نین
سلێمانی 17ی ئازاری 2016: سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنوسان هێرشی ئەلیكترۆنی بۆسەر پێگە سەربەخۆكانی هەرێم شەرمەزاردەكات و داواش لە رێكخراوە بیانییەكان دەكات هاوكاری رۆژنامەو گۆڤارە سەبەخۆكان بكەن .
ماوەیەكە لە سەرچاوەی نادیارەوە هێرش دەكرێتە سەر پێگەی ئەلیكترۆنی هەندێ رۆژنامەو گۆڤاری سەربەخۆ لە هەرێمی كوردستان دیارترینیان ئەو هێرشانەن كە دەكرێنە سەر پێگەی رۆژنامەی ئاوێنە.
تەنها لەماوەی ٦ رۆژو ١٥ كاتژمێردا زیاتر لە ٦٧ ملیۆن جار داواكاری بۆ كردنەوەی سایتی ئاوێنە نێردراوە كە ئەمە وەك سەرچاوەی هێرش كردن بۆ لەكار خستنی سایتەكەو كەوتنی داتابەیسەكەی بەكارهێنراوە.
هێرشی ئەلكترۆنی بریتیە لە لەكارخستنی ئەو خزمەتگوزاریانەی كە بەرێگای ئەلكترۆنی پێشكەش دەكرێن ، وەك زیان گەیاندن بە زانیاریە تایبەتەكان ، دزینی پارەی بانكەكان ،لەكارخستنی وێب سایتەكان.
ئەو هێرشانە جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانی هێنایە سەرخەت، لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی نیگەرانی خۆی لەو هێرشی ئەلیكترۆنی بۆ سەر وێبسایتە كوردییەكان دەبرببڕێت.
تاڵەبانی ریاگەیاند" نیگەرانم لە هەوڵی هاككردن و راگرتنی هەندێ لە وێبسایتە كوردییەكان بەتایبەت ئەو هێرشە ئەلەكترۆنیانەی كە لە رۆژانی رابردودا ئەنجامدراون" جەختیكردەوە"ئازادی میدیا و رەخساندنی دەرفەتی گونجاو بۆ كاركردنیان لە قازانج و بەرژەوەندی گشتیدایە و پێویستە هەموومان ئەو دەستە نادیارانە شەرمەزار بكەین كە دەیانەوێت دەنگە سەربەخۆ و ئازاد و ئەهلییەكان كپ بكەن"
تاوانی ئەلیكترۆنی بە رێگای جیاواز دەكرێت و هەندێكیان بە گروپێك دەكرێت هەندێكیان بە تاكە كەس.
ئاراس جمال شارەزا لە بواری ( IT) دەڵێت ئەو جۆرە تاوانانەی كە بەرامبەر وێب سایتەكانی كوردستان ئەنجام دەدرێت بە جۆری لایەری حەوت ناسراوە كە راستەوخۆ هێرشەكە ئەكرێتە سەر ئەپڵیكەیشنەكە (وێب سایتەكە) هاكەرەكان ركوێستێكی زۆر دەنێرن بۆ وێب سایتەكە و لەكاری دەخەن.
ئەو جەخت دەكاتەوە زۆربەی وێب سایتەكانی كووردستان بەهۆی ئەوەی كرێ كەم دەدەن بە سێرڤەر توانای وەڵام دانەوەی ئەو هەموو ریكوێستەی نییە لە یەك كاتدا " سێرڤەرەكانیان هیچی پارێزراو نیە كە رێگر بێت لەو هێرشانە"
بە پێی لێدوانی بەشی تەكنیكی ئەو پێگە ئەلیكترۆنییە " سێرڤەری ئاوێنە نیوز یەكێكە لە باشترین سێرڤەرەكانی ئەمریكاو كە یەك ملێۆن بەشداربوی هەیە و سایتی ئاوێنەش یەكێكە لە سیستمە پارێزراوەكان"
سەردار محمد ئەوەی خستە روو كە بەچەندین جۆری بەرنامە ئەو هێرشانە كراوەنەتە سەر پێگەی ئاوێنە نیوز و دۆزینەوەی هاك كەرەكان ئەستەم بووە. ئەو دەڵێت" بە پێی ئەو بەدواداچوونە تەكنیكیانەی ئەوان ئەنجامیانداوە سەرچاوەی زۆربەی هێرشەكان وڵاتانی (چین و روسیا)ە."
جەختیشیكردەوە "ئەوەندەی ئێمە زانیاریمان هەیە ئەگەر كەسێك لە سلێمانی بیەوێت تاوانی هاككردن ئەنجامبدات دەتوانێ شوێنەكەی خۆی بگۆڕێ و تائێستا سەرچاوەكەی نادیارە و نازانین لەكوێیەو ناش زانین كێیە"
سەردار پێی وایە ئەو هەڵمەتەی دەكرێتە سەر پێگەكەیان بەكەس و لایەنێك دەكرێت كە "سەرچاوەی دارایی و توانایەكی بەهێز بێت"
سایتی لڤین پشكی زۆری هەبووە لەو هێرشانە، سەرنوسەرسەری گۆڤارەكە باس لەوەدەكات كە ئەم هێرشانە هاوشێوەی ئەو تاوانە ئەلكترۆنییانەن كە لە ماوەی رابردوودا كراوەنەتە سەر پێگەو لاپەڕەكانی چالاكوان و رێكخراوەكانی تایبەت بە داكۆكیكردن لە مافی مرۆڤ لە وڵاتانی عەرەبی نادیموكرات و لە ئاكامدا پیگەكانیان لە تۆڕی ئەنتەرنێت پەكخراو لاپەرە تایبەتەكانیان لە تۆڕی كۆمەڵایەتی هاك كراوە.
بە بۆچونی خاوەن ئیمتیازی گۆڤارو سایتی لڤین، ئەحمەد میرە هاككردن یەكێك بووە لەو میكانزمنەی كە دەسەڵات زۆر بەكاری هێناوە بەرامبەر بە سایت و لاپەڕەكانیان لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك ئەو دەڵێت "یەكەمین قوربانین دەستی هاككرد "
ئەحمەد میرە بۆ میترۆ باسی لەوەكرد كە لەساڵانی رابردوو زیاتر لە پێنج جار سایتەكەیان و لاپەڕەكانیان لە تۆری كۆمەڵایەتی فەیسبووك هاككراون و دروستیان كردۆتەوە "لەمساڵیشدا چەندین جار بەهۆی ئەتاكەوە سایتەكەمان لەكار كەوتووە"
هەچەندە جارێ ئامارێكی وورد نییە لەسەر ژمارەی بەكارهێنەرانی ئەنتەرنێت لە هەرێمی كوردستان، بەڵام وا مەزەندە دەكرێت كە لە نێو دانیشتوانی هەرێمی كوردستان بە ناوچە دابڕێنەراوەكانیشەوە ژمارەی بەكارهێنەرانی ئەنتەرنێت زۆرتربن لە ژمارەی ئەوانەی هاوبەش نین.
زۆربوونی بەكارهێنەرانی ئەنتەرنێت لە دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان و هاوڵاتیان بۆ بەهێزكردنی پەیوەندیی،وای كردوە هەم بۆ دروستكردنی پردی پەیوەندی و هەم بۆ وەرگرتنی زانیاری خەڵك پشت بە ئەنتەرنێت ببەستێت.
بە بڕوای ئەحمەد میرە "هەر ئەم هۆكارەیشە پاڵ بە دەسەڵاتەكانەوە دەنێت هێرشەكانیان بۆ سەر پێگە كاریگەرەكان زیاد بكەن و پەكی بخەن بە تایبەت لە كاتە هەستیارەكاندا"
شەوی 29ی شوبات بۆ ماوەی12 كاتژمێر سەرجەم پەیجەكانی سپی میدیا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك و ئەكاونتی سەرنوسەری سایتەكە كەوتە بەر شاڵاوی هاك كەران لە كوردستاندا و هەوڵیشیاندا كە هاكی سایتەكەیان بكەن
شوان محمەد سەرنوسەری سایتی سپی میدیا وتی " ئێمە ئاگاداری بوین و بەرپرسی بەشی هونەریەكەی خۆمان ئاگاداركردەوە توانی بەر بگرێت لە هاككردنی سایتەكە"
تا دەركردنی ئەم بەیاننامەیە سێ پەیجی سپی میدیا هاك كراوە و تائێستا وەر نەگیراوەتەوە و لە ئێستاشدا لەگەڵ كۆمپانیایی تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك سەرقاڵن بۆ وەرگرتنەوەی.
كەمال رەئوف سەرنوسەری گۆڤار و سایتی شار پرێس ئاشكرایكرد كە ماوەیەكی زۆرە فشاری هاك كردن لەسەر سایتەكەمان زۆرە و خۆشبەختانە سەركەوتوو نەبون لە هاككردنی، بەڵام لۆد زۆر بووە لەسەر سایتەكە و پەیجەكەمان لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك.
جەختیكردەوە "ئەو هاككردنە لەسەر سەرجەم ئەو سایتە ئەهلیانە هەیە و لە هەندێكیشیاندا توانیویانە سەركەوتووبن لە پەكخستنی"
سەنتەری میترۆ رایدەگەیەنێت دزە كردنی باندەكان بۆ ناو پێگە ئەلیكترۆنییەكان هەرەشەیەكی گەورەیە بۆ سەر مافی بە دەستهێنانی زانیاری .
سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنوسان هێرشی ئەلیكترۆنی بۆسەر پێگە سەربەخۆكانی هەرێم شەرمەزاردەكات و داواش لە رێكخراوە بیانییەكان دەكات هاوكاری رۆژنامەو گۆڤارە سەبەخۆكان بكەن بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی هونەری و ئاسایشی پێگەكانیان.
بەدرێژایی ساڵی 2015 ئەو پێشێلكارییانەی بەرامبەر رۆژنامەنوسان ئەنجامدراون بریتییە لە (84) رووداوی جۆراوجۆر كە تیایدا (145) رۆژنامەنوس و كەنالًی راگەیاندن سكاڵایان لای سەنتەری میترۆ تۆماركردووە و لەو رووداوانەدا (173) پیًشیًلكاری لەو روداوانەدا تۆماركراون
سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكیكردن لە مافی ڕۆژنامەنوسان، ڕێكخراوێكی سەربەخۆی قازانج نەویستە لە ناوەراستی ئابی ساڵی 2009 لە شاری سلێمانی لە لایەن، كۆمەڵێك ڕۆژنامەنوسو پارێزەر، دامەزراوە، مۆڵەتی رەسمی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەرگرتوە.
تا كۆتایی ساڵی 2010 لەلایەن پەیمانگای رۆژنامەوانی جەنگو ئاشتی (IWPR) پاڵپشتی كراوە. لە تەموزی ساڵی 2010 لە كۆنفرانسێكدا لە شاری هەولێر ئەندامانی بۆردی ڕێكخراوەكە هەڵبژێردران. لەسەرەتای 2015 سەرلەنوێ دەستەی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردوە.سااَنی 2011 و 2012 و2013 و 2014، راپۆرتی ساڵانەی لەسەر رەوشی ئازادی رۆژنامەنوسی لە هەرێمی كوردستان بڵاوكردۆتەوە.
PM:02:05:17/03/2016