"باڵی دەستڕۆیشتووی یەكێتی‌و گۆڕان لێكنزیك دەبنەوە"

باڵی دەسترۆیشتوی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد سەركردایەتی دەكات، لەگۆڕان نزیك دەبنەوە.

بەپێی هەندێ زانیاریی تایبەت كە دەستی سپی كەوتووە، رۆژی 12/3، باڤڵ تاڵەبانی لەگەڵ قادری حاجی عەلی‌و عوسمانی حاجی مەحمود، هەڵسوڕاوانی دیاری بزوتنەوەی گۆڕان، لەسلێمانی كۆدەبنەوە.

كۆبوونەوەكە لەماڵی عوسمانی حاجی مەحمود، هەڵسوڕاوی بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڕەكی ئاشتی شاری سلێمانی كاتژمێر 6ی ئێوارەی 12/3 بەڕێوەچووە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست سپی كەوتووە ئەنجامی كۆبوونەوەكە پۆزەتیڤ بووە‌و لێكتێگەیشتنێكی باش لەنێوان هەردوو لادا دروست بووە‌و، یەكێتی لەسەر ئەوە ساخبووەتەوە كە جارێكی دیكە یەكێتی ناچێتە هیچ رێكەوتنێكی تایبەتەوە لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان، بە بێ بزوتنەوەی گۆڕان.

پێشتر بۆچوونی باڤڵ تاڵەبانی كە جارێك خۆی‌و هێرۆ ئیبراهیم سەردانی بازرانییان كردبوو، لەمانگی رابردووشدا بەشداری كۆبوونەوەیەكی مەكتەب سیاسی یەكێتی‌و بارزانی كردبوو، زیاتر بەو ئاراستەیە درۆیشت كە لەگەڵ پارتیدا رێكبەون.

بەپێی زانیارییەكانی سپی لەدوا كۆبوونەوەی بارزانی‌و مەكتەبی سیاسی یەكێتیدا، باڤڵ رایگەیاندوە كە كلیلی عەقڵی هێرۆ ئیبراهیمە‌و ئەو دەتوانێت قەناعەتی پێبكات كە لەگەڵ پارتیدا رێكبكەون لەسەر چۆنیەتی حكومڕانیكردنی كوردستان.

بەپێی زانیارییەكانی سپی دوای ئەو كۆبوونەوەی نێوان قادری حاجی عەلی‌و عوسمانی حاجی مەحمود، ناوبراو رای گۆڕاوە‌و ئێستا پێیوایە كە دەبێت پێش هەر رێكەوتنێك لەگەڵ پارتی پێویستە یەكێتی لەگەڵ گۆڕاندا رێكبەون‌و پێكەوە گفتوگۆی پارتی بكەن.

دوای ئەو كۆبوونەوەیە بەپێی قسەی چاودێران ئێستا گۆڕان پەیوەندی لەگەڵ هەردوو باڵەكەی یەكێتیدا (باڵی كۆسرەت رەسوڵ‌و بەرهەم ساڵح‌و، باڵی هێرۆ ئیبراهیم)دا باشە.



PM:02:16:23/03/2016