هێرۆ ئیبراهیم بۆ کۆسرەت رەسوڵ:
چیتر رازی نابم ئەو بوختان‌و قسەڵۆكانەم بۆ هەڵبەستن

هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد وەڵامێکی توندی کۆسرەت رەسوڵ دەداتەوەو دەڵێت"هەموو كەسێك ئەو قسەیەی بكردایە نەدەبووایە كە كاك كۆسرەت پەنجەی بۆ ئەو مەسەلەیە رابكێشایە، چونكە هەموو خەڵكی كوردستان دەزانن كە كێ دەیەوێت كوڕو كچ‌و كەسانی نزیكی خۆی لە پلە باڵاكانی حزبی‌و حكومیدا بسەپێنێت. بۆیە هەق نییە ئەوانەی كە ماڵیان لە شووشەیە، بەرد بگرنە ماڵی خەڵكی".
 
لەوەڵامی لێدوانێكی كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری یەكەمی سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ رۆژنامەی "ئەلشەرق ئەلئەوسەت"ی لەندەنی، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی‌و هاوسەری مام جەلال، سەبارەت بە سەروەت و سامانی یەکێتی، دەڵێت" لەوڕووەشەوە دووپاتیكردۆتەوە كە نە لە نزیك و نە لەدوور بەرپرسیاری دارایی یەكێتی نییەو دارایی حزبەكەش لای ئەو نییە. 
هەروەها دەڵێت: "ئەگەر وابوایە ئەوا چۆن رێگەم دەدا كە پێشمەرگەو كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان‌و كادرو ئەندامانی یەكێتی‌و كەسانی ئاسایی پێویستیان بە هاوكاری هەبێت‌و باری گوزەرانیان بكەوێتە مەترسییەوە، بەڵام لە بنەڕەتەوە دژی تەخشانكردنی پارەی یەكێتی بووم بۆ مەرامی تایبەتی ئەم‌و ئەو. دڵنیام زۆر كەس لەناوەوەو دەرەوەی یەكێتی ئەو شایەتیەم بۆ دەدەن، بۆیە ئیتر بەسیەتی لێدانەوەی ئەم قەوانە سواوەو چیتر رازی نابم بەوەی كە ئەو بوختان‌و قسەو قسەڵۆكانەم بۆ هەڵبەستن".

سەبارەت بە دارایی یەكێتی‌و دەستبەسەرداگرتنی سەروەت‌و سامانی یەكێتیش، ئەوە من نیم كە بەرپرسی دارایی یەكێتی بم، بەڵكو ئەوە ئیدارەی گشتییە كە بەرپرسیارە لە سەروەت‌و سامانی یەكێتی‌و دابینكردنی پێداویستییەكانی، جا هەر لایەنێك كە دەیەوێت سەروەت‌و سامانی یەكێتی بزانێت، دەبێت لە ئیدارەی گشتی یەكێتی بپرسێت".

لەو روونكردنەوەیەدا هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد دەڵێت"پێم سەیرە كە كاك كۆسرەت لەم كاتە هەستیارەدا ئەو لێدوانە زیانبەخشە دەدات، لەكاتێكدا لەدوا كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیدا كە بەسەرپەرشتی خۆی ئەنجامدرا، تیایدا بڕیار لەوەدرا كە لەمەودوا هەر 10 رۆژ جارێك مەكتەبی سیاسی كۆببێتەوە بۆ گفتوگۆكردن‌و لێدوان‌و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ كێشە هەڵپەسێردراوەكان".

هەروەها ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات، كە هەر لەو كۆبوونەوەیەدا بڕیار دراوە ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی لەماوەیەكی كورتدا بۆ هەمان مەبەست كۆببێتەوەو دەڵێت: "لەكاتێكدا بە ئومێدبووم هەوڵی جدی بدرێت بۆ جێبەجێكردنی ئەو بڕیارانە، كەچی بە پێچەوانەوە دەبینین ئەو جۆرە لێدوانە زیانبەخشانە دەدرێت كە نە لەبەرژەوەندی یەكێتی‌و نە خودی خۆی‌و نە برادەرەكانیشیدایە".

دەربارەی قۆرخکردنی دەسەڵاتەكانی یەكێتی لەلایەن هێرۆ ئیبراهیمەوە، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد دەڵێت "دەمەوێت زۆر بەڕاشكاوانە ئەم راستیەتان بۆ روونبكەمەوە، كە پێموایە پۆستی سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان جگە لە مام جەلال نە لە ئێستاو نە لەدوا رۆژدا جێگەی قسەو باس نییەو ئەو پۆستەو هەموو ئەوانی تر وەك سەردەمی حزوری مام نامێنێت، چاوەڕوانین كۆنگرە گفتوگۆی لەسەر بكات‌و گۆڕانكاری بەسەر پۆست‌و دەسەڵاتەكاندا بێنێت. 

هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد جەختیشیكردۆتەوە، كە لەگەڵ ئەوەدا نییە پێش كۆنگرەو لە پشتی پەردەوە سازان‌و رێككەوتن‌و پشك پشكێنە بكرێت بۆ دانانی ئەندامانی سەركردایەتی‌و مەكتەبی سیاسی یەكێتی، هەڵگرانی ئەو مەنتیقەش بە دژی كۆنگرە وەسف دەكات، كە بیانو بۆ نەبەستنی دەهێننەوە.




AM:11:17:27/03/2016