پاسەوانەکانی ئۆردوغان لەناو واشنتۆندا دەستدرێژی دەکەنە سەر رۆژنامەنووسان

تیمی ئەمنی ئوردغان کە تورکن و هاوڕێیەتی دەکەن لە گەشتەکەیدا بۆ ئەمەریکا، لەبەردەم پەیمانگای برۆکێنگزدا دەستدرێژیان کردە سەر رۆژنامەنووسان.

بەپێی هەندێک راپۆرتی رۆژنامەوانی و شایتەحاڵەکان و ئەو ڤیدیۆیانەی لە مۆبایلەکانەوە وێنەیان گیراوەو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە، ئەوە دەردەخەن کە تیمی ئەمنی ئۆردوغان دەستدرێژیان کرۆدتەوە سەر خۆپیشاندەران و رۆژنامەنووسان کە ئەمەش دژی یاسای ئەو وڵاتەیە.
تۆماس بێر سەرۆکی یانەی رۆژنامەگەری نیشتمانی ئەمەریکی وتی" سەرۆکی تورکیاو تیمەکەی میوانن لە ئەمەریکا، مافی ئەوەیان نییە دەستدرێژی بکەنە سەر رۆژنامەنووسان، یان خۆپیشاندەران یان هەر کەسێکی تر".
ئەو بەرپرسەی رۆژنامەنووسانی ئەمەریکا دەڵێت" بینیمان چۆن  پێشێلکاری بەرامبەر مافە ئەساسیەکانی مرۆڤ و ئازادی رۆژنامەگەری و بیڕورا لە تورکیا دەکرێت و رۆژ بەرۆژ خراپتریش دەبێت".
تۆماس دەڵێت" تورکیا یەکێکە لەو وڵاتانەی لە جیهاندا بەوە ناسراوە دەستدرێژی دەکاتە سەر رۆژنامەنوسان و بەم دواییانەش بە شێوازی جیاجیا لە پێشێلکاری بەردەوامە".

سەرۆکی یانەی رۆژنامەنووسانی ئەمەریکا داوا لە ئۆردوغان دەکات کە ئەو پێشێلکاریانەی لە تورکیا پیادەی دەکات، هەنارەدەی ئەمەریکا نەکات.



AM:12:36:02/04/2016