سەنتەری میترۆ ئیدانەی رێگریكردن لەڕۆژنامەنووسان دەكات

لەڕاگەیەنراوێكدا سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لەمافی رۆژنامەنووسان ئیدانەی رێگری هێزە ئەمنییەكانی كەركوك دەكات بۆ روماڵكردنی گردبونەوەیەكی ناڕەزایی لەشاری كەركوك.

سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لەمافی رۆژنامەنووسان لەبارەی خۆپیشاندانەكەو هێرشكردن بۆ سەر چەند تیمی كەناڵێكی راگەیاندن، رایگەیاندووە، ئێوارەی ئەمڕۆ لەگەڕەكی رەحیم ئاوای شاری كەركوك گروپێكی مەدەنی، بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر كەیسی بازرگانیكردن بە نەوتی شارەكەیان، گردبونەوەیەكیان رێكخست، هەر زوو هێزە ئەمنییەكانی ئەو شارە (پۆلیس و ئاسایشی یەكێتی و پارتی) بەمەبەستی بڵاوەپێكرنیان گەمارۆیاندان و داواشیان لەكەناڵەكانی راگەیاندن كرد شوێنی گردبونەوەكە چۆڵ بكەن.

ئاماژە بەوەشكراوە، لەكاتی روماڵكردنەكەدا هێزە ئەمنییەكان پەلاماری تیمەكانی كەناڵەكانیكەی ئێن ئێن، پەیام، كوردستان 24، ئێن ئاڕتی دراوەو بەقسەی ناشیرین و هەڕەشە ئامێز داوایان لێكردون وێنە نەگرن و شوێنی گردبونەوەكە چۆڵ بكەن.

سەنتەری میترۆ لەوبارەیەوە راشیگەیاندووە، رێگری هێزە ئەمنییەكانی كەركوك بۆ روماڵكردنی گردبوونەوەیەكی ناڕەزایەتی مەدەنی و هێمن، هیچ پاساوێكی نییە جگە لەوەی عەقڵیەتی ئیدارەی شارەكە بڕوایان بەئازادی میدیا نییە، داواشیكردووە، رێگرییەكانی بەردەم رۆژنامەنوسانی كەركوك لاببرێت و ئیدارەی شارەكە رێز لەیاساو مافی رۆژنامەنوسان بگرێت.

بەپێی لێدوانی پەیامنێرانی ئەو كەناڵانە بۆ سەنتەری میترۆ رێگری لە روماڵكردن كراوەو رێگرییەكان بەفەرمانی ژووری عەمەلیاتی شارەكە بووە كە پارێزگای كەركوك سەرۆكایەتی دەكات.



PM:10:31:02/04/2016