"لە وان شەڕە .. گەریلا نزیک شارەکە بۆتەوە"

گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان وەک رایانگەیاندبوو کە بەهار تورکیا دەکەن بە دۆزەخ لە حکومەتی ئاکەپە، لەدوێنێەوە هێرشیان دەستپێکردووە بۆ سەر بنکە ئەمنی و سەربازیەکانی تورکیا لەشاری وان کە دووەم شاری گەورەی باکورە.

گەریلاکانی پەکەکە بەهۆی دانانی مینەوە سێ زرێپۆشی سووپای تورکیایان تەقاندەوە، هاوکات هێزێکی تریان کەمینی لەسەر رێگای ( ئەرجیش – وان ) داناو لە ئەنجامدا دەستیان گرت بەسەر چوار ئۆتۆمبیلی پاس و گواستنەوەدا کە بۆ سووپای تورکیا کاریان دەکردو لە ئەنجامدا هەشت ئۆتۆمبیلیان سووتاند کە کاریان بۆ سووپا دەکرد.

لەگەڵ دابەزینی گەریلا بۆ نزیک شاری وان، ئەو گەنجانەی بەناوی یەکینەکانی پاراستنی گەل ناسراون و چەکداری مەدەنی شاری وانن تێکەڵ بە گەریلا بوونەوە.

سووپای تورکیا وەک ماڵپەڕی هەواڵ ٢٤ نزیک پارتی کڕێکاران ئاماژەی بۆ دەکات، هەوڵی زۆری خستەگەڕ بۆ ئەوەی بگاتە شوێنی سووتانی ئۆتۆمبیلەکان، بەڵام لەگەڵ گەریلادا رووبەرووبوونەوەو لە ئەنجامدا نەیانتوانی بگەنە شوێنی رووداوەکە.

حکومەتی ئەکەپە هێزێکی زۆری سەربازی و ئەمنی لەناو شاری وان بڵاوەپێکردووەو لە ئاسمانیشەوە لە رێگای کۆپتەرەوە چاودێری باری ئەمنی شارەکە دەکات.



AM:09:32:05/04/2016