"بارزانی: پەیەدە لە حیزبی بەعس بێڕەحم ترە"

مەسعود بارزانی دەڵێت پەكەكە لەو كاتەی خەڵكی مەدەنی دەكاتە ئامانج بە بنبەست گەیشتووە‌و پەیەدەش كە لقی سوریای پەكەكەیە بێ رەحمترە لە حیزبی بەعس.

هەواڵنێری (ئیسنا)ی ئێرانی لە زاری رۆژنامەی "دەیلی سەباح"‌و (Turkiye)ی توركیا بڵاویكردەوە كە مەسعود بارزانی لەدیدارێكدا لەگەڵ ژمارەیەك لە نوێنەرانی پارتی دەسەڵاتداری توركیا "پارتی داد‌و گەشەپێدان" لەشاری هەولێر، رەخنەی توندی لە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)‌و پارتی یەكێتی دیموكراتیك (پەیەدە) گرتووە.

بارزانی لەو دیدارەدا بە جەختكردنەوە لەسەر ئەوەی كە كورد ماوەیەكی زۆر دژی حكومەتی عێراق شەڕی كردوە، بەڵام حەقی بەسەر خەڵكی مەدەنییەوە نەبووە‌و دەڵێت: "ئێمە لە شەڕ لەگەڵ حكومەتی  بەغدا هەرگیز كارمان بە خەڵكی مەدەنی نەبووە. باوكم هەرگیز رێگەی نەدا زیان بە خەڵكی مەدنی بگات. ئێمە هیچكات قوتابخانەكان‌و رێگا‌و ژێرخانەكانی وزەمان نەكردوەتە ئامانج".

بارزانی بە ئاماژە بە "بێڕەحمی" پارتی یەكێتی دیموكراتیك دەڵێت: "ئەم حیزبە تەنانەت لە حیزبی بەعسیش بێڕەحمترە. سەرۆك هۆزەكان لەترسی بێڕەحمی ئەم گروپە پەنایان بۆ ئێمە هێناوە. ئێمە هەمیشە لەسەر ئەوباوەڕە بووین كە چاوەڕوانی بۆ ئاشتیەكی 10 ساڵە، بەنرخترە لە شەڕی یەكرۆژە. بەشار ئەسەد لە كردەوەكانی ئەم حیزبە (پەیەدە) قازانج دەكات، بەڵام هیچكات كارێكی نەكردوە كە گەرەنتی پێگەی كورد بكات".



AM:10:38:18/04/2016