جەبوری: پەرلەمان ئامادەیە بۆ پێشوازیکردن لە دامەزراندنی کابینەی نوێ

سەرۆکی پەرلەمانی عێراق سەلیم جەبوری رایگەیاند" پەرلەمان ئامادەیە بۆ پشیوازیکردن لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق".

جەبوری لە کاتێکدا کە لەپێشەنگای رۆژی کتێبدا بەشداری کرد، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا سوپاسی ئەو کەسایەتیانەی کرد کە دەوریان هەبووە لە تێپەڕاندنی قەیرانەکەی ئەمداوویەیداو وتیشی" کابینە نوێکە دوور دەبێت لە ئینتما بەرتەسکەکانەوە".

سەرۆکی پەرلەمان ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە ئەوان لەم هەفتەیەدا ئامادەن بۆ دەنگدان لەسەر کابینەی نوێ.

دوو هەفتەی رابردوو عێراق قەیرانێکی قوڵی بەخۆوە بینی ئەو کاتەی ژمارەیەکی بەرچاو پەرلەمانتار و هاوڵاتیان دەستیان بە مانگرتن و خۆپیشاندان کرد، قەیرانەکە خەریکبوون هەموو دامەزراوەکانی دەوڵەت ئیفلیج بکات، بەڵام لە ساتەکانی کۆتاییدا موقتەدا سەدر سەرکردەی دیاری شیعە کۆتایی بەکێشەکە هێناو داوای لە پەرلەمنتاران کرد دەستبەردرای مانگرتن بن.



PM:12:31:23/04/2016