یەکێتی دادوەران کەمی مووچەکەیان لای نێچیرڤان بارزانی چارەسەر کرد

ئەنجومەنی دادوەری کە بەپێی یاسا سەربەخۆن، رێکخراوە پیشەیەکەیان سەردانی نێچیرڤان بارزانی دەکەن و خشتەی مووچەکەی خۆیان چارەسەر دەکەن.

ماوەیەک لەمەبەر یەکێتی دادوەرانی کوردستان کە رێکخراوە پیشەیەکەی دادوەرانە سەردانی سەرۆکی حکومەت، نێچیرڤان بارزانی دەکەن داوای لێدەکەن چاوێک بە خشتەی مووچەی دادوەراندا بگێڕێتەوە، لەو کۆبوونەوەیەدا سەرۆکی حکومەت بڕیار دەدات کە چاو بە خشتەی مووچەکەیاندا بگێڕێتەوە.

بەپێی زانیارییەکانی سپی، لەبەر رۆشنایی خشتەی مووچەی فەرمانەبەران لە ٧٥% مووچەی دادوەران پاشکەوت دەکرا، بەڵام دوای ئەو کۆبوونەوەیە لەگەڵ سەرۆکی حکومەت، مانگێکە دادوەران رێژەی لە ٣٠% لە مووچەکەیان دەبڕرێت.

دادوەران دەبن بە چەند پلەیەکەوە دادوەرانی پلە یەک تا پلە چوار، مانگانە لە حاڵەتی ئاسای دادوەری پلە یەک ٦ ملیۆن و ٤٠٠ هەزاری وەردەگرت، بەپێی خشەی مووچە کەمکرایەوە بۆ ١ ملیۆن و شەش سەد هەزار دینار، بەڵام لەدوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی مووچەکە بەرزبۆتەوە بۆ چوار ملیۆن و ٤٨٠ هەزار دینار.

بەپێی یاسا، ئەنجومەنی دادوەری لەهەرێمی کوردستان لەرووی بڕیار و ئیداری و داراییەوە سەربەخۆیەو هاوشانی پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیرانە، بەڵام لەکاتی کەمکردنەوە مووچەدا حکومەت وەک هەموو فەرمانبەرانی تر مووچەکەیان بەپێی خشتەی مووچە کەمکرایەوە، لە چاککردنیشیدا هەر بە بڕیاری سەرۆکی حکومەتی زیادکرایەوە.

لە عێراق لە کاتی پەیڕەوکردنی کەمکردنەوەی مووچەی مووچەخۆرانی دەوڵەت، حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیران بەهیچ شێوەیەک دەستی لە مووچەو کارەکانی ئەنجومەنی دادوەری وەرنەداو خۆیان وەک لایەنێکی سەربەخۆو بەرپرس بڕیاریان دا لەسەر کەمکردنەوەی مووچەی خۆیان، بە پێچەوانەی هەرێمی کوردستانەوە. 
 



AM:11:40:16/05/2016