عادل موراد: قبوڵمانە نەوشیروان مستەفا ببێتە سکرتێری گشتیی یەکێتی

سکرتێری ئەنجومەنی ناوەندیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان رایدەگەیەنێت، کە زۆربەی سەرکردەکانی یەکێتی رازین نەوشیروان مستەفا ببێتە سکرتێری گشتیی یەکێتی.

عادل موراد، سکرتێری ئەنجومەنی ناوەندیی یەکێتی لە چاوپێکەوتنێکی رادیۆی دەنگی ئەمریکادا رایگەیاندووە، کە رێککەوتنی یەکێتی و بزووتنەوەی گۆڕان ئێستا سەری هەڵنەداوە، بەڵکو لە 2012 گفتوگۆی لەبارەوەر کراوە و باشبوونی پەیوەندییەکانی یەکێتی و گۆڕانیش تەنیا لەم رێککەوتنەدا خۆی نابینێتەوە، ”بەڵکو زیاتریش دەبێت".

عادل موراد پێیوایە رێککەوتنەکە ”دژی پارتی نییە، بەڵام بەداخەوە ھەڵوێستیان سلبی بوو" و باس لەوەش دەکا رێککەوتنی گۆڕان و یەکێتی هەنگاوێکە بۆ رێکخستنەوەی نێو ماڵی کورد.

سکرتێری ئەنجومەنی ناوەندیی یەکێتی هەروەها رایگەیاندووە، کە لە کوردستان و بۆ حوکمرانیی هەرێمی کوردستان، ”ھیچ بەرنامەیەک بە بێ پارتی ناکرێت".

عادل موراد نایشارێتەوە کە رەخنەی ئەو لە رێککەوتنی حزبەکەی و گۆڕان ئەوەیە، کە باسی یەکگرتنەوە نەکراوە، ”من لەگەڵ یەکگرتنم نەک ڕێکەوتن" و پێشی باشە لە ماوەی یەک ساڵدا، گۆڕان و یەکێتی کۆنگرەیەکی هاوبەش ئەنجام بدەن و ”ھەم لۆگۆ و ھەم یەک ناوی ھاوبەشیشمان ھەبێت".

بە وتەی سکرتێری ئەنجومەنی ناوەندیی یەکێتی، زۆربەی ئەندامانی سەرکردایەتی و کادیرانی یەکێتی ”پـێـیان خۆشە کاک نەوشیروان ببێتەوە سکرتێری گشتیی یەکێتی، من خۆشم قبوڵمە".



PM:04:40:28/05/2016