داواكاری گشتیی هەولێر داوای دادگاییکردنی نەوشیروان مستەفا دەكات

داواكاری گشتی لەهەولێر لەسەر چەند تۆماری دەنگی بانگهێشتی نەوشیروان مستەفا دەكات‌و بزوتنەوەی گۆڕان ئەمە بە بڕیارێكی حیزبی ناودەبات.

لەمبارەیەوە حاکم سامح عوسمان ، سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوەی هەولێر بە (رووداو)ی راگەیاند "داواکاری گشتی سکاڵای تۆمارکردووە لەسەر ئەو ڤیدیۆیەی کە لە سەتەلایتەکان بڵاوبوویەوە".

بەگوتەی سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوەی هەولێر "سکاڵاکە لەسەر نەوشیروان مستەفایە نەک بزووتنەوەی گۆڕان".

ماوەیەک لە مەوبەر میدیاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان ، چەند گرتەیەکی دەنگیان بڵاوکردەوە کە گوایە نەوشیروان مستەفا هەڕەشەی هێرشیکردنە سەر بارەگای کونسوڵخانەکان و کۆمپانیا بیانییەکان دەکات، بەڵام گۆڕان رەتیکردە ئەو هەڕەشانە راست بن.

لە بارەی بڕیارەکەی دادگاش ، لە یەکەم کاردانەوەدا بزووتنەوەی گۆڕان رەخنەی تووند لە داواکاری گشتی دەگرێ و دەڵێت "بەشێکی زۆری دادوەرەکان سەر بە پارتین".

بەهار مەحموود ، جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان راگەیاند "ئەگەر دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆ بوایە لەسەر ئەو هەموو نایاسایەی لە كوردستاندا هەیە جارێك نوقەیەكی لێوە دەهات، بەبڕیارێكی حیزبی پەرلەمان لەكار دەخرێ‌ داواكاری گشتی ‌و دەسەڵاتی دادوەری قسەیەك ناكەن، مووچەی خەڵكی بەنایاسایی دەبڕدرێ‌ هیچ ناڵێن ئیتر بۆ لەمەدا كەوتوونەتە قسە".

جێگری سەرۆكی فراكسیۆنەكەی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان بە دووریشی زانی رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان بەقسە هێرشی كردبێتە سەر كونسوڵخانەكان گوتیشی "ئەو دەنگانەی بڵاوكراونەتەوە دروستكراون، ئەگەر كونسوڵخانەكان بڕوایان بەشتێكی وەها بكردایە سەردانی كاك نەوشیروان یان نەدەكرد".

بەڵام حاکم سامح دەڵێت " بە گوێرەی یاسا دەبێت نەوشیروان مستەفا داواکراوە و بێتە بەردەم دادگا و ئیفادەی لێوەربگیرێت".



PM:03:42:01/06/2016