بەهۆی تۆپبارانی ئێرانەوە پێنج هاوڵاتی بریندار بوون

لە بیانی ئەمڕۆوە تۆپبخانەکانی ئێران بۆردومانی ناوچەکانی سیدەکان دەکەن و، لە ئەنجامدا پێنج هاوڵاتی بریندار بوون.

لە ئەنجامی ئەو تۆپبارانەی ئێران پێنج هاوڵاتی بریندار بوون کە ژن و منال لەنێوان بریندارەکاندایە.

لە لێدوانێکی رۆژنامەگەریدا د. کەنعان کانەبی، بەڕێوەبەری تەندروستی چۆمان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە  2 منداڵ و ژن و پیاوێک برینداربوون، بەڵام برینەکانیان مەترسیدارنییە.

سپی زانیوویەتی کە ژمارەی بریندارەکان بەرزبۆتەوە بۆ ٥ هاوڵاتی.

لەکاتێکدا بۆردومانەکان بەردەوامە پانتایەکی فراوان لەناوچەکە ئاگری تێبەربووە.

بەپێی هەواڵی كوردستان میدیا، زمانحاڵی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، ئەو ناوچانەی کە بۆردومان كراون بریتین لە حاجی ئۆمەران، بەربەزین، کونەڕێ، کەتینە و دۆڵی ئاڵان كە تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە هیچ زەرەرێکی گیانی وەبەر پێشمەرگەکانی حیزب نەکەوتووە.

هەروەها باس لەوەدەكات  هاوڵاتییانی ئەم ناوچانەی باشوری کوردستان کە زۆربەیان شوانکار و جوتیار و ڕەوەندن ناچار بوون ئەو ناوچانە بەجێ بهێڵن.

ئەو تۆپبارانەی ئێران دوای ئەو شەڕو پێکدادانە دێت کە ماوەی دوو هەفتەیە لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەنێوان پێشمەرگەکانی دیموکرات و هێزە ئێرانییەکان لە ئارادایە.



PM:12:01:26/06/2016