ئێران: بۆ توركیا بۆ قسە ناكەن، بەڵام بۆ ئێمە هاوارتان لێ هەڵساوە؟

نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لەكۆماری ئیسلامی ئێران سەبارەت بە تۆپبارانی ناوچە سنورییەكان لەلایەن ئێرانەوە دەڵێت حكومەتی ئێران پێیوون: بۆ توركیا بۆ قسە ناكەن، بەڵام بۆ ئێمە هاوارتان لێ هەڵساوە؟

نازم دەباغ، نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆماری ئیسلامی ئێران بە رووداوی راگەیاند "بەهۆی ئەوەی پێشمەرگەكانی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران (حدكا) و حیزبی دیموكراتی كوردستان (حدك) چالاكی چەكدارییان هەیە، ئێران دەستی بە تۆپبارانکردنیهەندێک‌ ناوچەی سنووری كردووە و ئێران بەڕاشكاوی بە ئێمەی گوت هەتاوەكو چالاكی سەربازی هەبێت، بوردوومانیش دەبێت.

نوێنەرەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆماری ئیسلامی ئێران روونیشیكردەوە "بەپێی رێككەوتنێكی پێشووتری حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ هەردوو لایەنی ئێرانی ‌و حیزبەكانی رۆژهەڵات، نابێت هیچ چالاكییەكی چەكداری لە رێگای هەرێمی كوردستانەوە دژی ئێران بكرێت، بە پێچەوانەشەوە نابێت ئێران تۆپبارانکردنی سنوورەكان بكات، بەڵام دیارە پێشێلی ئەو رێككەوتنە نەكراوە".

ئەمرۆ یەكشەممە تۆپخانەكانی ئێران بە بیانوی بوونی بنكە‌و بارەگای بارەگای پێشمەرگەكانی  دیموكرات دەستیان بە تۆپبارانكردنی دەڤەری سیدەكان و شارەدێی حاجی ئۆمەران كرد لە باشووری كوردستان، تاوەكو ئێستاش تۆپبارانەكە بەردەوامە ‌و بەو هۆیەشەوە 5 كەس برینداربوون.



PM:01:21:26/06/2016