یەكێتی‌و پارتی: دەبوا ئێران چاوەڕێی بكردایە، نەك تۆپباران

سەبارەت بە شەڕ‌و ئارامییەكانی ئەم دواییەی سنورەكانی رۆژهەڵات‌و باشوری كوردستان، لەلایەن یەكێتی‌و پارتییەوە كۆمیتەیەك پێدەهێنرێت.

لەمبارەیەوە عەبدوڵڵا ئاكرەیی، بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەكانی ئێران - عێراق لە فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوی هەرێمی كوردستان بە رووداوی راگەیاند، لەپێنا‌و گەڕانەوەی ئارامی بۆ سنوورەكانی نێوان رۆژهەڵات ‌و باشووری كوردستان، یەكێتی ‌و پارتی كۆمیتەیەكی هاوبەشیان لەسەر ئاستێكی باڵا پێكهێناوە.

ئوتی "رۆژی پێنجشەممە 23-6-2016، ئەو كۆمیتە هاوبەشە پێكهێندراوە، ئەمەش لەپێناو ئارامبوونەوەی ئەو ئاڵۆزیانەی لە سنووری نێوان باشوور رۆژهەڵاتی كوردستان دروستبووە".

بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەكانی ئێران - عێراق لە فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوی هەرێمی كوردستان باسی لەوەش كرد، ئێران ئاگاداری دروستبوونی ئەو كۆمیتە هاوبەشەیە، بۆیە گوتی "نەدەبوو دەڤەری سیدەكان و شارەدێی حاجی ئۆمەران بۆردوومان بكرێت و دەبوو چاوەڕێی ئەنجامی كۆمیتە هاوبەشەكە بن، چونكە كۆمیتەكە كاری خۆی هەر دەكات ‌و هیوادارین كارەكانی بگاتە ئەنجامێكی باش".

ئاكرەیی روونیشكردەوە، لە پارتی دیموكراتی كوردستان كەریم شنگالی‌ و لە یەكێتی نیشتمانیی كوردستانیش سەعدی ئەحمەد پیرە سەرۆكایەتی كۆمیتە هاوبەشەكە دەكەن.

پێشتر سپی میدیا بڵاویكردەوە كە وەفدێكی هاوبەشی یەكێتی، پارتی‌و حكومەتی هەرێم سەردانی كۆمەڵەكان‌و دیموكراتەكانی كردوە. (زیاتر بخوێنەرەوە)

كاژێر 09:00-ی رۆژی یەكشەممە 26-6-2016، تۆپخانەكانی ئێران، بە بیانووی هەبوونی بنكە و بارەگای پێشمەرگەكانی حدكا و  حدك، دەستیان بە تۆپبارانكردنی دەڤەری سیدەكان و شارەدێی حاجی ئۆمەران كرد لە باشووری كوردستان، بەو هۆیەشەوە پێنج كەس برینداربوون.



PM:03:53:27/06/2016