ئەردۆغان داوای لێبوردنی لە پۆتین كرد

حكومەتی ڕوسیا ڕایگەیاند تورکیا لەسەر زاری ڕەجەب تەیب ئەرۆدغان سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە داوای لێبوردنی لە ڕوسیا کردووە لەسەر خستنەخوارەوەی فرۆکە ڕووسیەکە لەلایەن تورکیاوە.

کۆشکی سەرۆکایەتی ڕوسیا (کرملن) ئەمڕۆ ٢٧ی حوزەیران ڕایگەیاند، ڕەجەب تەیب  ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا پێی ڕاگەیاندوون وڵاتەکەی هیچ نێتێکی نەبووە فرۆکە جەنگییەکەی ڕوسیا بخاتە خوارەوە.

وتەبێژی کرملن وتی " ئەردۆغان داوای لێبوردنی کردووە لە وڵاتەکەی لەسەر ڕووداوی خستنەخوارەوەی فڕۆکە ڕووسیەکە".

بە گوێرەی لێدوانی لێپرسراوێکی باڵای کرملن، ئەردۆغان لە نامەیەکدا بۆ فلادیمێر پۆتین ئەو داوای لێبوردنانەی ئاراستەی ڕوسیا کردووە.

ڕۆژی ٢٤ تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠١٥ فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا فڕۆکەیەکی جۆری سۆخۆی ٢٤ی ڕوسیان خستەخوارەوە، بەبیانووی ئەوەی گوایە سنوری ئاسمانی تورکیای بەزاندووە و چەند جارێک ئاگادارکراوەتەوە بەڵام گوێی پێ نەداوە.

دەربارەی ڕووداوەکە فلادیمێر پۆتین سەرۆک کۆماری ڕوسیا ڕایگەیاند، خستنەخوارەوەی فرۆکە رووسیەکە لەلایەن تورکیاوە، خەنجەر لێدانە لە پشتەوە.



PM:05:31:27/06/2016