پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و گۆڕان دوای جەژن بەرەو بارگژی زیاتر دەڕوات
دراوە سیاسیەکان و سووربوونی لایەنە سەرەکییەکانی کوردستان لەسەر هەڵوێستی خۆیان، ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، ناکۆکی لایەنە سەرەکییەکانی لەدوای جەژنەوە بەرەو هەڵکشان و کرژی سەردەکێشێت.
هەرچەندە هەندێک ناوەند پێشبینیان دەکرد لە رۆژانی چەژندا بارزانی یان پارتی، دەستپێشخەریەک پێشان بدەن تا لایەنەکانی تریش بەرەوپیری بچن و نەرمی بنوێنن، بەلآم بارزانی جگە لەو راگەیاندراوەی هاوشێوەی راگەیەندراوە کۆنەکەی کە لەسەر پرسی ریفراندۆم داوای کۆبوونەوە دەکات، هیچ دەستپێشخەریەکی نەکرد.
هەرچی گۆڕانە بەپێی ئەو زانیاریانە لە کۆبوونەوە ناوخۆیەکانیانەوە دەردەچن، ئەو بزووتنەوەیە پێیوایە. سەرۆکی پەرلەمان، یوسف محەمەد فەرمانبەرێک نییە لای بارازانی تا بەئارەزووی خۆی کارەکانی پەک بخات و داوای لابردنی بکات، چونکە ئێستا سەرۆکایەتی پەرلەمان تاکە دەزگای شەرعی و هەڵبژێردراوی خەڵکە، هاوکات ئەوان لەدوای رێککەوتنیانەوە لەگەڵ یەکێتی و هاوسۆزی کۆمەڵی ئیسلامیش لەگەڵ تێروانینی ئەواندا، ئێستا خۆیان بەهێزێکی گەورەتر دەزانن لەپارتی و چەندینجار رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان بە ئاشکراو لە کۆبوونەوەکانی خۆیاندا جەختی لەسەر ئەوە کردۆتەوە" هاوسەنگی هێز لە کوردستاندا گۆڕاوە".
هەرچی پارتییە، تا ئێستا سوورە لەسەر ئەو سیاسەتەی کە کێشە سەرۆکی پەرلەمانەو، کێشەیەک نییە بەناوی سەرۆکایەتی هەرێمەوە، پارتی هەولێکی زۆریشی داوە، تا بەو شێوەیە بازرگانی میدیای بۆ کێشەکانی هەرێم و پرسی سەرۆکی پەرلەمان بکات و رێگریشە لە ئاسایی کردنەوەی پەرلەمان و گەڕاندەوەئ وەیزرەکانی.
هەفتەیەک پێش جەژن ململانێی پارتی و گۆڕان گەیشتە ئاستێکی زۆر توند، بەتایبەتی دوای ئەو هەڵمەتە راگەیاندنەوەی هەردوولا دژی یەکتری بەرپایان کرد کە زۆر سنوری میدیایی بەزاند.
سەردانی وەفدی هاوبەشی گۆڕان و یەکێتی بۆ بەغداو کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان، جولآندنی دۆسیەو بڕیاری دەستگیرکردنی نەوشیروان مستەفا رێکخەری گشتی بزووتنەوە گۆڕان لەلایەن داواکاری گشتی هەولێرەوە، دەستگیرکردنی دوو کایدری کۆمەڵی ئیسلامی بە تۆمەتی بەشداریکردن لە هێرشکردنە سەر تەلەفزیۆنی رووداو، ئەو کێشانە پەیوەندی لایەنە سیاسیەکانی بەرەو هەڵکشان و گرژیەکی گەورە بردووە.
نەبوونی هێج دەستپێشخەریەک بۆ چارەسەری کێشەکان و، زیادبوونی بارگرژی و سووربوونی لایەنەکان لەسەر هەلوێستی خۆیان و قوڵبوونەوە کێشە ئابوری و داراییەکانی کوردستان و کاریگەری راستەوخۆی لەسەر هاولآتیان کاراکتەرن بۆ هەڵکشانی ململانێکان لە پێشوو توندتر.
PM:09:55:09/07/2016