لە بەغدا نمایشی سەربازی عەبادی دەستیپێکرد
بەیانیش خۆپیشاندانێکی گەورەی سەدرە

بەرەبەیانی ئەمڕۆ ٧/١٤ لە شاری بەغدا نمایشێکی سەربازی بە ئامادەبوونی عەبادی سەرۆک وەزیران دەستیپێکرد، وا بڕیارە سبەینێش لەسەر داوای موقتەدا سەدر خۆپیشاندانێکی گەورە سازبکرێت.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە مەیدانی فیردەوسەوە بە بەشداری هێزەکانی سووپای عێراق و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بە هەموو جۆرە چەکێکی قورس و سووکەوە نمایشێکی سەربازی بە ئامادەبوونی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیران دەستی پێکردو وا بڕیارە تا مەیدانی تەحریر نمایشەکە درێژە بکێشێت.

وەک میدیا فەرمییەکانی عێراق ئاماژەی بۆ دەکەن ئەو نمایشە پەیوەندی بە ئازادکردنی شاری فەلوجەوەیە کە بەم دوواییە لەلایەن هێزە عێراقییەکانەوە، ئازاد کرا، بەلآم چاودێران پێیانوایە ئەم نمایشە پێشاندانی هێزە بەرامبەر موقتەدا سەدر کە سبەی سەرۆکایەتی خۆپیشاندانێکی گەورە دەکات لەژێر ناونیشانی " راماڵینی گەندەڵکاران". بەتایبەتی خۆپیشاندانەکانی چەند مانگی رابردووی بەغدا حەرەمی پەرلەمانیان شکاندو چوونە ناو بینایەی حکومەتیشەوە.

لەلایەکی ترەوە، بەهەمان شێوەی عەبادی، سەکردەی تەوژمی سەدر موقتەدا سبەی خۆپیشاندانێکی گەورە لەبەغدا سازدەکات، هەرچەندە موقتەدا لەدوو رۆژی رابردوودا بە جلی سەربازیەوە گەیشتە بەغداو سەردانی شوێنێ تەقینەوەکەی کەرادەی کرد، بەلآم شەوی رابردوو بەجلی مەدەنییەوە سەردانی مەیدانی تەحریر شوێنی خۆپیشاندانەکانی کردو جەخت لەسەر شێوازی ئاشتیانەی خۆپیشاندانەکەی هەینی کردووەو فەرمانی بە لایەنگرانی دەکرد کە هەمووان بە جلی مەدەنییەوە بەشداری خۆپیشاندانەکە بکەن.

ئەو خۆپیشاندانە لەکاتێکدایە کە سەرجەم لایەن شیعەکان داوایان لە موقتەدا کرد خۆپیشاندانەکەی هەینی دوابخات، بەلآم ئەو ئامادە نەبوو. 
 
چاودێران پێیانوایە لەدوای جەژنەوە خولێکی نوێی ململانێی نێوان شیعە- شیعە دەستی پێکردووە کە لەوەی چەند مانگی رابردوو توندتردەبێت.

AM:10:03:14/07/2016