سەرۆکی پەرلەمان داوای دادگاییکردنی کۆمەڵێک بەرپرس دەكات

یوسف محەمەد، سەرۆکی پەرلەمان ڕایگەیاند "کاتی دادگایی کردنی ئەو بەرپرسە حیزبییانە کە شەنگالیان تەسلیمی تیرۆرستان کرد"..!

سەرۆکی پەرلەمان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە کە وێنەیەکی بۆ سپی نێردراوە و تێیدا هاتووە "لەدووەمین ساڵیادی کارەساتی شەنگالدا، لەئاست قوربانیدانی هاوڵاتیانی بێ گوناه و سڤیل، بەتایبەتیش قوربانیانی تاوانی چەپەڵی بازرگانیکردن بە کچان و ژنانی ئێزیدی لەلایەن تیرۆرستانی داعشەوە، سەری ڕێز دادەنەوێنین. ئەم کارەساتە درێژکراوەی کۆمەڵێک تاوان و قڕکردنی ترە کە لە ڕابردوودا بەسەر ئێزیدیی و پێکهاتەکانی تری ناوچەکەدا هاتوون، دەبێت یادکردنەوەی ئەم کارەساتە، هاندەر بێت بۆ دادگاییکردنی هەمو ئەو بەرپرسە حیزبییانەی کەمتەرخەمیان نواند لە پاراستنی هاوڵاتیانی سڤیلی شەنگال و تەسلیمکردنی شەنگال بە تیرۆرستان".

هەر لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە "لە یادکردنەوەی ئەم کارەساتەدا، سوپاسی تایبەتی پێشمەرگە ئێزیدییەکان دەکەین کە قارەمانانە چیای شەنگال و هەزاران ئاوارەی شارەکەیان لە دەستی تیرۆرستان پاراست، ئەوانە پێویستە وەک پاڵەوانی نیشتیمانی ڕێزیان لێبگیرێت. هەروەها سوپاسی شەڕڤانانی ڕۆژاوا دەکەین کە هەر لە یەکەمین ساتەکانی ڕوداوەکاندا، هاوکاری هاوڵاتیانی شارەکە بون و، ڕێگەی دەربازبوونیان بۆ هەزاران خێزانی ئێزیدی کردەوە کە لەدەستی تیرۆرستان ڕزگاریان بێت، ئەگەر نا کارەساتەکە گەورەتر دەبوو. جێی خۆشیەتی سوپاسی هێزەکانی پێشمەرگە و گەریلا و شەرڤانان بکەین کە بە خوێن و تێکۆشانیان، شەنگاڵ و ناوچە داگیرکراوەکانی ژێر دەستی گروپی تیرۆریستیی داعشیان ڕزگار کرد".



PM:05:38:03/08/2016