ئێران لەسێدارەدانی زانایەكی ئەتۆمی كوردی پشتڕاست كردەوە

حكومەتی ئێران بەفەرمی لەسێدارەدانی  زانایەکی ئەتۆمی كوردی پشتڕاستكردەوە، کە بە سیخوڕی كردن بۆ ئەمەریكا تۆمەتبار كرابوو.

] شەهرام ئەمیری لە مانگی ئایاری ساڵی 2009 لەکاتی سەفەری حەج لە سعودیە بێسەروشوێن بوو و، لە حوزەیرانی ساڵی 2010 خۆی بە نووسینگەی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئێران لە ئەمریکا ناساند، دواتر گەڕێندرایەوە ئێران.

لەکاتی گەڕانەوەدا ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئێران لە فڕۆکەخانە پێشوازییان لێکرد، بەڵام دوای ماوەیەک دەستگیرکرا و دوای 20 مانگ بەندکردن لە دادگا، بە 10 ساڵ بەندکردن و دوورخرانەوە بۆ پارێزگای بەلوچستان سزادرا.

بنەماڵەکەی دەڵێن رۆژی چوارشەممەی رابردوو 3-8-2016، لە شوێنێکی نادیار لەسێدارەدراوە. دایکی شەهرام ئەمیری دەڵێت پێش لە سێدارەدانی چاویان پێیکەوتووە و تەرمەکەشی لە کرماشان بەخاک سپێردراوە.

لەبەرامبەردا  وەزارەتی دادی ئێران لەسێدارەدانی شەهرام ئەمیری پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند " شەهرام ئەمیری بە تاوانی سیخوڕییکردن بۆ ئەمریکا لەسێدارەدراوە".

شەهرام ئەمیری کارناسی فیزیای ئەتۆمی، لەدایکبووی شاری کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان بوو.



PM:05:47:07/08/2016