سەنتەری میترۆ: هیوای زووچاكبوونەوە بۆ پەیامنێری رووداو دەخوازین

سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی رۆژنامەڤانان، بەیاننامەیەکی لەبارەی برینداربوونی پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو بڵاوکردەوە و هیوای زووچاكبوونەوەی بۆ دەخوازێت.

لە بەیانامەکەی سەنتەری میترۆدا هاتووە "ماوەیەكە بەهۆی دەستپێكردنی شەڕی چەكداری نێوان هێزەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران و هەندێك باڵی ئۆپۆزیسیۆنی ئەو ووڵاتە، ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان و گوندەكانی كراونەتە ئامانج بە هۆیەوە خەڵكی مەدەنی زەرمەندی سەرەكین و ناوچەكانیان جێدیڵن".

لە بەشێکی دیکەی بەیانامەکەدا سەنتەری میترۆ هیوای زووچاكبوونەوە بۆ بەختیار قادر پەیامنێری (تۆڕی میدیای رووداو)  دەخوازێت و داواش لە هەموو رۆژنامەنووسان دەكات "لەكاتی روماڵكردن لە ناوچەكانی شەڕو ململانێدا بەوپەڕی ووریاییەوە كاری پیشەیی خۆیان بكەن و مەرجەكانی سەلامەتی پیشەیی جێبەجێبكەن".

سەنتەری میترۆ رایدەگەیەنێت؛ لە هەموو شەڕەكان خەڵكی مەدەنی زەررمەندی سەرەكین و لەناو ئەو خەڵكەشدا رۆژنامەنووسان دەبنە قوربانی.

بەپێی بەیانامەکەی سەنتەری میترۆ، بەدرێژایی ساڵی 2015 ئەو پێشێلكارییانەی بەرامبەر رۆژنامەنووسان ئەنجامدراون بریتییە لە 84 رووداوی جۆراوجۆر كە تیایدا 145 رۆژنامەنووس و کەناڵی راگەیاندن سكاڵایان لەلای سەنتەری میترۆ تۆماركردووە و لەو رووداوانەدا 173 پێشێلکاری تۆماركراون.

كاژێر 11:00ی سەرلەبەیانی رۆژی پێنجشەممە 11-8-2016 سوپای پاسدارانی ئێران دەستیكرد بە تۆپبارانكردنی ناوچەكانی برادۆست و سیدەكانی سەر بە قەزای سۆران، بەهۆیەوە بەختیار قادر پەیامنێری رووداو بریندار بوو.



PM:03:36:11/08/2016