میترۆ بەتوندی کوشتنی پەیامنێرەکەی رۆژنیوز مەحکوم دەکات

‌رۆژنامەنووسی تیرۆرکراو وەدات حسێن
لە بەیانێکدا سەنتەی میترۆ بۆ داکۆکی لەمافی رۆژنامەنووسان کوشتنی پەیامنێری ئاژانسی رۆژ نیوز مەحکوم دەکات.

لە بەیانەکەی میترۆدا بەناوی سەلاح خدر سەرنوسەری رۆژنیوزەوە،  هاتووە" بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنیوز، وەدات تا سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هیچ کێشەو گرفتێکی نەبووە، دواتر لە ماڵ دەچێتە دەرەوەو لەلایەن چەند کەسێکی نەناسراوەوە دەڕفێندرێت و بۆ شوێنێکی نەزاندراو دەیبەن و پاش چەند کاتژمێرێک تەرمەکەی دۆزراوەتەوە".

 سەرنوسەری رۆژنیوز دەشڵێت " زانیارییە سەرەتاییەکان ئاماژەبەوەدەکەن، وەدات بەگولە تیرۆر نەکراوەو تەنها بەهۆی ئەشکەنجەوە گیانی لەدەستداوە".

دەقی بەیاننامەکە

بە توندی ئیدانەی کوشتنی پەیامنێری ئاژانسی ڕۆژ نیوز  دەکەین.

13 ی ئابی 2016 میترۆ : سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە رۆژنامەنوسان بە توندی ئیدانەی کوشتنی رۆژنامەنوس وەدات حسین، پەیامنێری ئاژانسی ڕۆژ نیوز  دەکات و داوای  لێکوڵنەوەی جدی دەکات لەم تاوانە ‌و ئەنجامدەرانیشی بدرێنە دادگایەکی ئاشکرا. 
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ وەدات حسێن عەلی ڕۆژنامەنوسی ئ ئاژانسی دەنگوباسی ڕۆژنیوز، لە شاری دهۆک، لە گەڕەکی ماڵتا لەلایەن چەند کەسێکی نەناسراو دەڕفێندرێت و پاش چەند کاتژمێرێک تەرمەکەی لە سەر ڕێگەی شارۆچکەی سێمێڵ - دهۆک، دەدۆزرێتەوە.
 
سەڵاح خدر بەڕێوبەری ئاژانسی ڕۆژ نیوز بە میترۆی ڕاگەیاند " بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنیوز، وەدات تا سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هیچ کێشەو گرفتێکی نەبووە، دواتر لە ماڵ دەچێتە دەرەوەو لەلایەن چەند کەسێکی نەناسراوەوە دەڕفێندرێت و بۆ شوێنێکی نەزاندراو دەیبەن و پاش چەند کاتژمێرێک تەرمەکەی دۆزراوەتەوە".
 وە گوتیشی " زانیارییە سەرەتاییەکان ئاماژەبەوەدەکەن، وەدات بەگولە تیرۆر نەکراوەو تەنها بەهۆی ئەشکەنجەوە گیانی لەدەستداوە".

هێمن سلێمان، بەرپرسی راگەیاندنی پۆلیسی دهۆك، كوژرانی ئەو گەنجەی پشتڕاستكردەوە و له تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاویكردەوە، ئەو گەنجە لەسەر رێگای سێجێ لە قەزای سێمێل لەلایەن چەند كەسێكی نەناسراو لێیدراوە و تا گەیاندراوەتە نەخۆشخانەی دهۆك گیانی لە دەستداوە.

ئەوەشی راگەیاند، بەپێی بڕیاری دادوەری ئێشكگر پەڕەی لێكۆلینەوە بۆ رووداوەكە لەلایەن پۆلیسی دهۆك كراوەتەوە و بەدواداچوون بەردەوامە بۆ دەستگیركردنی تۆمەتباران.

 وەدات حسێن عەلی لە 1988 لە پارێزگای دهۆک لە دایکبووەو ماوەی چەند مانگێکە گرێبەستی لە گەڵ ئاژانسی ڕۆژنیوزدا واژۆ کردووە.

سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە رۆژنامەنوسان رایدەگەیەنێت تاوانی کوشتن بەهەر هۆکارو بیانویەک بێت ، نابێت کۆمەڵگا لێی بێدەنگ بێت. ئێمە ئیدانەی کوشتنی رۆژنامەنوس وەدات حسین دەکەین و داوای  لێکوڵینەوە جدی دەکەین لەم تاوانە،دەبێت ئەنجامدەرانیشی بدرێنە دادگایەکی ئاشکرا.
 



PM:07:04:13/08/2016