یەکێتی‌و گۆڕان پرسی پارێزگار سلێمانی یەکلایی دەکەنەوە
سێ پاڵێوراو هەیە

ئێستا یەکێتی و گۆڕان لە بینایەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە سلێمانی بۆ یەکلاییکردنەوەی پرسی پارێزگاری سلێمانی‌و هەڵبجە لە کۆبوونەوەدان، سێ کاندید قسەیان لەسەر دەکرێت، پارسەنگی سەردار قادر لە دوو بژاردەکەی تر بەهێز ترە بۆ ئەو پۆستە.

کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەو دوولایەنە کۆبوونەوەیەکی گرنگەو بڕیاری ئاڵوگۆڕ لە نیوەی هەرێمی کوردستانی تیادا دەدرێت کە ناوچەکانی سەوزو شینە.

بەپێی زانیاریەکانی سپی، گۆڕان جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە هەردوو پۆستی پارێزگاری سلێمانی و هەڵەبجە بەپێی رێککەوتنی نێوانیان ئاڵوگۆڕی تیا بکرێت، بەڵام چانسی سەردار قادر کاندیدی گۆڕان بۆ ئەو پۆستە زیاترە.

بەپێی ئەو زانیاریانە، گۆڕان نایەوێت ئاڵوگۆڕی ئەو پۆستە بە کەناڵی سەرۆکایەتی هەرێمدا تێپەڕێت، هەربۆیە لەم حاڵەتەدا، چانسی د. هەڤاڵ ئەبوبەکر لاوازە، لە کاتێکدا ئەو چەند جارێک دووپاتی کرۆدتەوە کە ئامادە نییە " واژووی بارزانی لەسەر ئاڵوگۆڕی پۆستی پارێزگاری سلێمانی بێت، چونکە لای ئەو بارزانی ماوەی بەسەرچووە".

ئەو هەڵوێستەی گۆڕان و د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، چانسی سەردار قادر کە ئێستا جێگری پارێزگاری سلێمانییە زیاترە بۆ ئەوەی بە وەکالەت ئەو پۆستەی پیبدرێت.

ئەمە لەکاتێکدا ئەگەرێک لە ئاردایە کە گۆڕان سازش لەسەر پۆستی پارێزگاری سلێمانی بکات و سەرلەنوێ بیداتەوە بە د. ئاسۆ فەرەیدون بەرامبەر رێکەوتنی گۆڕان و یەکێتی کە ٥/١٧ واژوویان کردوو، رێکەوتنێکی گشتییە لەسەر سیستەمی حوکمڕانی و ئەنجامدانی چاکسازی لە هەرێمی کوردستان، بەڵام چاودێران ئەم ئەگەرە بە لاواز دەزانن.    



AM:11:41:18/08/2016