کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا بۆ دواکەوت؟ شەوی رابردوو چی روویدا؟

هەرچەندە بڕیاربوو ئەمڕۆ ئاڵوگۆڕی پارێزگاری سلێمانی و هەڵەبجە لە نێوان یەکێتی و گۆڕان لە سلێمانی و هەڵبجە ئەنجامبدرێت، بەلآم کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پاریزگای سلێمانی لەسەر ئەو پرسە دواکەوت، کێ داوای دواخستنی کرد؟ شەوی رابردوو چی روویدا؟ سپی زانیاری ورد بلآودەکاتەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە سپی راگەیاند " شەوی رابردوو بەرپرسێکی ناو یەکێتی نزیک کاتژمێر ١٢ ی شەو لە رێگای تەلەفونەوە پەیوەندی بە بەرپرسانی گۆڕانەوە دەکات و پێیان دەڵێت کۆبوونەوەی سبەینێی ئەنجومەنی پارێزگا بۆ پرسی ئاڵوگۆڕکردنی پارێزگار دوا دەکەوێت".

ئەو سەرچاوەیە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە لەو شەودا بەرپرسە دیارەکانی گۆڕان دەستنەکەوتوون و دواتر پەیوەندی بە د. هەڤاڵ ئەبوبەکرەوە کراوەو لەو پرسە ئاگادارکراوەتەوە".

بەپێی زانیاریەکانی سپی، یەکێتی و بەتایبەتی باڵی دەسترۆشتووی ناو یەکێتی ئەو پرسەی بە بەهانەی ئەوە دواخستووە کە" لەکاتی دەستلەکارکێشانەوەی د. ئاسۆ فەرەیدوون لە پارێزگاری سلێمانی، ئەو وەکیلەی جێگای ئەو دەگرێتەوە دەتوانێت تەنها مانگێک پاریزگار بێت، چونکە یاسا بەرکارەکانی کوردستان رێگانادات بۆ ماوەیەکی زۆر وەکیل لە بری پارێزگار کار بکات".

بەپێی زانیارییەکانی سپی، لە پشت ئەم بەهانەی یەکێتیەوە، ئەوە دەخوێنرێتەوە کە ئەو حیزبە نایەوێت ئەو پۆستە رادەستی گۆڕان بکات، تا پرسی سەرۆکی هەرێم یەکلایی دەکرێتەوە.

سەرچاوەکەی سپی، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە پیدەچێت ئەمرۆ بەرپرسانی یەکێتی سەردانی نەوشیروان مستەفا بکەن و لەسەر ئەو پرسە بەرووە یاساییەکەیدا گفتوگۆ بکەن. 
 

AM:11:02:21/08/2016