دانا عەبدولەکریم: پرسی ئاڵوگۆڕی پۆستەکانی هەردوو پارێزگار سلێمانی و هەڵبجە یەکلایی بوەوە

بەرپرسێکی گۆڕان رایگەیاند" پرسی ئاڵوگۆڕکردنی پۆستەکانی پارێزگاری سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی راپەرین و گەرمیان یەکلایی بۆتەوەو بەیانی پرسی ئاڵوگۆڕی پۆستی پارێزگاری سلێمانی ئەنجام دەدرێت". 

دانا عەبدولەکریم بەرپرسی بەشی حکومەت لە ژووری پەرلەمان و حکومەتی بزووتنەوەی گۆڕان، لە لێدوانێکیدا بۆ سپی، رایگەیاند " سبەی پێج شەممە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئاڵوگۆری پۆستی پارێزگاری سلێمانی لە نێوان گۆڕان و یەکێتیدا ئەنجام دەدرێت".

ناوبراو کە ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای پێشووی سلێمانی بووە،  ئەوە رووندەکاتەوە " د. ئاسۆ فەریدوون داوای قبووڵکردنی بەخشینەکەی، دواتر د. هەڤاڵ ئەبوبەکر خۆی بۆ پۆستی پارێزگاری سلێمانی هەڵدەبژێرێت و دەنگی پێدەدرێت، دوای ئەوەی هڵبژێردرا، چاوەڕوانی یەکلایی کردنەوەی پرسی سەرۆکی هەرێم دەکرێت، تا مەرسومی بۆ دەربکرێت، لەو ماوەیەدا سەردار قادر بە وەکالەت کارەکانی پارێزگار بەڕێوە دەبات".

سەبارەت بە پشکی پۆستێکی جێگری پارێزگار بۆ یەکێتی نیشتمانی کوردستان، دانا عەبدولەکریم وتی" ئێستا یەکێک لە جێگرەکانی پارێزگاری سلێمانی پۆستی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە، ئەو پۆستە کە پۆستی جێگری پارێزگاری سلێمانیە بۆ کاروباری کارگێری لەلای یەکێتیەو، ئەو بەرپرسە لەو پۆستەدا دەمێنێتەوە".

 لێدوانی ئەو بەرپرسەی گۆڕان دوای کۆبوونەوەی ئەمڕۆی نەوشیروان مستەفا  رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان و هێرۆ ئیبراهیم ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکتی دێت لەگەڵ فراکسیۆنەکانیان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیدا ئەنجامیان دا. 


PM:01:41:24/08/2016