هەوڵێکی نێوخۆیی یەکێتی لە ئارادایە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکیەکانی نێوان هەردوو باڵی کۆسرەت و هێرۆ ئیبراهیم

دوای کۆبوونەوەی هێرۆ ئیبراهیم و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی سەر بەو باڵە، وەفدێکی نێوخۆی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەستدەکەن بە هەوڵێک بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکیەکانی نێوان هەردوو باڵ.

بەپێی زانیارییەکانی سپی کە لەسەرچاوەیەکی یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە دەستی کەوتووە، هەریەک لە عیماد ئەحمەدو عەدنان موفتی ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و دلێری سەید مەجید کادیری دیاری یەکێتی دەستیان بەو هەوڵە  ناوبژیوانییە کردووە.

سەبارەت بەو هەوڵەی ئەو سێ بەرپرسەی یەکێتی ئەنجامیانداوە، دوای کۆبوونەوەی باڵی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، بە کۆمەڵێک پێشنیارەوە سەردانی کۆسرەت رەسوڵ و بەرهەم ساڵحیان لە ماڵی کۆسرەت رەسوڵ کردووە.

بەپێی ئەو زانیاریانە، لەو گفتوگۆیەدا لەگەڵ کۆسرەت رەسوڵ و بەرهەم ساڵح و خستنە رووی پێشنیارەکانیان، بەڵێنی ئەوەیان وەرگرتووە کە لەرۆژانی داهاتوودا ئەو باڵە وەلآمیان بدەنەوە.

تا ئێستا ئەو پێشنیارانەی کە ئەو لیژنەیە خستوویانەتە بەردەم هەردوو باڵ بە نهێنی ماوەتەوە.
 
شەوی رابردوو دوای دەرکردنی بەیاننامەیەک لەلایەن باڵی کۆسرەت رەسوڵەوە بەناوی "ناوەندی بڕیار"ەوە دۆخی ناکۆکیەکانی یەکێتی پێینایە قۆناغێکی مەترسیدارەو ئەمڕۆش باڵی هێرۆ ئیبراهیم دوای کۆبوونەوەیەک وەلآمیان دانەوە. 


PM:10:26:02/09/2016