نەوشیروان مستەفا سێ پێشنیازی بۆ یەکێتی هەبووە

نەوشیروان مستەفا ڕێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان بەر لەسەفەرکردنی سێ داواکاری هەبووە بۆ باڵە ناکۆکەکانی یەکێتی، ئەمەش بە وتەی وتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان.

شۆرش حاجی وتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان بە سپی ڕاگەیاند "کاک نەوشیروان سێ داواکاری لە لایەنەکان هەبووە کە خۆی دەبینییەوە لەوەی ململانێکان قوڵتر نەکرێنەوە و دووەم لایەنەکان کەناڵێکی پەیوەندی بدۆزنەوە بۆ ئەوەی دەستبکەن بە گفتوگۆ و لە ڕێگەیەوە نیگەرانییەکانیان بگەیننە یەکتر".

شۆڕش حاجی هێمای بۆ ئەوەشکرد کە نەوشیروان مستەفا داواشی کردووە رێگەنەدرێت هێزی پێشمەرگە و ئاسایش لە ململانێكان بەكاربهێندرێن، هەروەها نەوشیروان مستەفا جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەو نابێتە لایەنێک لە ململانێکە و تەرەف نابێت لەگەڵ هیچ لایەنێکدا.

سەبارەت بەوەی کە بۆچی نەوشیروان مستەفا سەردانەکەی دوانەخستووە، وتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان ڕایگەیاند "کاک نەوشیروان بەهۆی كۆبوونەوە و دۆخی كوردستان سێ‌ جار سەردانەكەی بۆ دەرەوەی وڵات دواخستووە، كە یەكێكیان بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ د. فوئاد حوسێن بووە".

سەبارەت بە سەردانەکەی نەوشیروان مستەفاش جەختی لەوە کردەوە کە سەردانەکە کورت دەبێت بەهۆی ئەوەی ناوبراو دۆخی تەندروستی زۆر باشە و تەنها بۆ چەند پشکنینێک ئەو سەردانەی ئەنجامداوە.


PM:10:13:03/09/2016