جەژن نزیكە‌و تا ئێستا تەنیا یەك وەزارەت موچەی وەرگرتووە

بڕیارە تا جەژنی قوربان موچەی وەزارەتی پێشمەرگە‌و هێزەكانی ئاسایش دابەشبكرێت‌و باقی وەزارەتەكان تائێستا ئاشكرا نیە كەی موچە وەردەگرن. ناڕەزایی‌و مانگرتنی فەرمانبەرانیش بەردەوامە.

بە پێی زانیارییەكانی سپی موچەی مانگی تەمموزی بەشێك لەوەزارەتەكان كە بڕیاربوو پێش جەژنی قوربان دابەش بكرێت دەكەوێتە دوای جەژن‌و تا ئێستا تەنیا وەزارەتی پێشمەرگە كە موچەكەیان لەلایەن ئەمەریكاوە دابین دەكرێت دابەشكراوە‌و هێزەكانی ئاسایشیش تا جەژن موچەكەیان دابەش دەكرێت بەڵام باقی وەزارەتە‌و فەرمانگەكان پاش جەژن دابەش دەكرێت كە كاتەكەی دیار نیە.

دواكەوتنی موچە لەكاتێكدایە كە مانگرتن‌و راگرتنی دەوام لە رۆژانی رابردوو چەندین فەرمانگەی گرتووەتەوە. ئەمەش لەكاتێكدایە پاش جەژن بڕیارە خوێندنگا‌و قوتابخانەكان بكرێنەوە‌و تائێستاش موچەی مامۆستایان دیار نیە كەی دابەش دەكرێت، هەربۆیە یەكێتی مامۆستایانیش هەڕەشەی راگرتنی پرۆسەی خوێندن دەكەن.

لەمبارەیەوە ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان لە لێدوانێكدا رایگەیاند:  دواكەوتنی موچە‌و خراپی بارودۆخی مامۆستایان هەڕەشەیە بۆ سەر پرۆسەی خوێندنی ساڵی 2016-2017‌و بەردەوامبوونی ئەم بارودۆخە هەڕەشە لە راگرتنی پرۆسەی خوێندن دەكات.



PM:01:52:06/09/2016