بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند، لە دوو رۆژی جەژنی قورباندا، دوو ڕووداوی هاتوچۆ ڕوویان داوە و تێیدا چەند كەسێك بریندار بوون.
ڕائید هۆگر عەزیز گەڵاڵی، بۆ میدیاكان گوتی، لە دوو رۆژی جەژنی قوربانی پیرۆزدا، دوو ڕووداوی هاتوچۆ تۆمار كراون كە بە هۆیانەوە پیاوێكی بەساڵداچوو و چەند كەسێكی دیكە بریندار بوون.
گەڵاڵی ڕوونیشی كردەوە، ڕووداوی یەكەم دوێنێ لە گەڕەكی فەرمانبەران ڕووی داوە كە هاووڵاتییەكی بەتەمەن بە هۆی لێدانی ئۆتۆمبێلەوە زامدار بووە و ئێستاش لە نەخۆشخانەیە و تەندروستیی جێگیرە.
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پۆلیسی هەولێر ئاماژەی بەوەش دا، ڕووداوی دووەمیش ئەمڕۆ لە گەڕەكی خانزاد ڕووی داوە كە ئۆتۆمبێلێكی جۆری "بی ئێم دەبلیو" وەرگەڕاوە و بەو هۆیەشەوە چەند كەسێك بریندار بوون و گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە.