ململانێکانی یەکێتی گەیشتۆتە چ ئاستێک؟ باڵی ناوەند بەرنامەی چییە؟ زۆرینە دەیەوێت چی بکات؟

هەرچەندە لە چەندان لایەنی ناوخۆیی و دەرەکییەوە هەوڵ لە ئارادایە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان ناو سەرکردایەتی یەکێتی، بەڵام هەموو ئاماژەکان ئەوە ئاشکرا دەکەن کە زەحەمەتە ئەو دوو باڵە پێکەوە لەیەک حیزبدا کۆببنەوەو ئەگەر هەر هێورکردنەوەیەکیش بێتە ئاراوە، کاتی دەبێت.

بەپێی زانیاریەکانی سپی، ئەو هەوڵانە بە تایبەتی سەردانە مەکوکیەکانی فواد مەعسومی سەرۆکی عێراق بۆ لای هەردوو باڵ و هەوڵەکانی تر تەنها توانیویەتی بگاتە ئەو ئەنجامەی پەیپەرێکی دانوستان بنوسرێتەوە تا هەردوو باڵی کۆسرەت رەسوڵ و هێرۆ ئیبراهیم گفتوگۆی لەسەر بکەن، بەهەماهەنگی لەگەڵ ئەو پەیپەرەدا، سەرکردایەتیەکی هاوبەش لە هەردوولا دروستبکرێت تا کۆنگرە سەرکردایەتی یەکێتی بکات.

بەپێی زانیاریەکانی سپی تا ئێستا ئەو هەوڵانە بە کردەوە نەچۆتە بواری جێبەجێکردنەوە، هاوکات هەردوو باڵ هەریەکە لای خۆیەوە سەرقاڵی پرۆژەی خۆیەتی و بەدوو ئاراستەی جیاوازو دژ بەیەک کاردەکەن.

هەرچی باڵی کۆسرەت رەسوڵ و بەرهەم ساڵحە، بەپێی زانیارییەکانی سپی، ئەو باڵە سەرقاڵی ئاشکرا کردنی بەڵگەنامەیەکن کە بە خەتی تاڵەبانی نووسراوە لە سەر ئایندەی سەرکردایەتی کردن لە یەکێتیدا.

  سپی زانیویەتی تاڵەبانی لە ساڵی ٢٠١٢ دا نامەیەکی لەسەر ئایندەی یەکێتی تا بەستنی کۆنگرە ناردووە بۆ کۆسرەت رەسوڵ جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی یەکێتی و لەو نامەیەدا سەرکردایەتی کاتی یەکێتی تا بەستنی کۆنگرە دیاری کراوە.

لەو نامەیەدا کە بە خەتی تاڵەبانی نوسراوەو ئیمزای خۆی پێوەیە، ئاماژە بۆ پێکهێنانی لیژنەیەک کراوە بە سەرۆکایەتی کۆسرەت رەسوڵ کە تا بەستنی کۆنگرەی گشتی یەکێتی سەرکردایەتی ئەو حیزبە بکات.

بەپێی ناوەرۆکی نامەکە هەریەک لە بەرهەم ساڵح و د. فواد مەعسوم و عادل مورادو مەلا بەختیار و ئەرسەلان بایز ئەندامی ئەو لیژنەیە دەبن، ئەو نامەیە کە تا ئێستا ئاشکرا نەکراوەو پشتڕاستیش نەکراوەتەوە، ناوی هێرۆ ئیبراهیم ئەندامی دەستڕۆشتووی مەکتەبی سیاسی یەکێتی تێدا نەهاتووە.

بەپێی زانیاریەکانی سپی، باڵی کۆسرەت رەسوڵ لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەو نامەیە ئاشکرا دەکەن و لە میدیاکاندا بڵاوی دەکەنەوە.

لەلایەکی ترەوە، هەرچی باڵی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدە، سەرقاڵی کارکردنن بە ئاراستەی بەستنی کۆنگرەی گشتی یەکێتی و دەرکردنی تەواوی باڵی کۆسرەت رەسوڵ بەتایبەتی کوتلەکەی بەرهەم ساڵح، لەم بوارەشدا ئەو باڵە سەرقاڵی خۆ بەهێزکردنن لەرێگای پەیوەندی کردن بەکەسانی سەر بەباڵی کۆسرەت رەسوڵ و لەم نێوەدا ناوی هەریەک لە رزگار عەلی و نەرمین عوسمان دێت کە لەم باڵە نزیکبوونەتەوە، هەرچەندە تا ئێستا خۆیان هیچیان لەو بارەیەوە بڵاونەکردۆتەوە.

هاوکات باڵی هێرۆ ئیبراهیم بەردەوامن لە پەیوەندیکردنی بە بنکەی حیزبی یەکێتی و کەسایەتییە دیارەکانی یەکێتی لە ناوچەکانی سلێمانی و گەرمیان و لەم ماوەیەدا چەندین دیدار لەلایەن بەرپرسە دیارەکانی ئەم باڵەوە ئەنجامدراوە.
   



PM:10:01:13/09/2016