بۆچی وەفدی ئەمەریكی یەكێتی نەبینی؟
سپی زانیاریی ورد بڵاودەكاتەوە

وابڕیار بوو كە شاندە باڵاكەی ئەمەریكا كە لە یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا‌و نوێنەری ئۆباما بۆ شەڕی داعش پێكهاتبوو، لەگەڵ بەرپرسانی یەكێتی كۆببنەوە، بەڵام لەبەرناكۆكییەكانی ناوخۆی یەكێتی ئەو كۆبوونەوەیە ئەنجام نەدرا.

سەرچاوەیەكی سیاسی ئاگادار بە سپی راگەیاند كە ئەو وەفدەی ئەمەریكا كە لە هەریەك لە: تۆنی بلینكێن جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا، برێت مەكگورگ نوێنەری تایبەتی سەرۆك ئۆباما بۆ هاوپەیمانێتیی شەڕی دژی داعش، دۆگڵاس سیڵیمەن باڵیۆزی تازەی ئەمەریكا لە عێراق و جەنەڕاڵ ستێڤن داونسێند فەرماندەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق كێن گڕووس كونسوڵی ئەمەریكا لە هەولێر و ژمارەیەك ڕاوێژكاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا  پێكهاتبوو، وابڕیاربوو دوای كۆبوونەوەیان لەگەڵ بارزانی‌و سەرۆكی حكومەت‌و جێگرەكەی، لەگەڵ هەردوو جێگری سكرتێری گشتیی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆببنەوە، بەڵام بەهۆی ناكۆكی نێوخۆیی ئەو حیزبەكە ئەو كۆبوونەوەیە سازنەكرا.

بەپێی زانیارییەكانی سپی، باڵی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد جەختی لەسەر ئەوە كردوەتەوە كە پێویستە مەلا بەختیار، بەرپرسی دەستەی كارگێری مەكتەبی سیاسی یەكێتی بەشداربێت لەو كۆبوونەوەیدا كە وەفدە ئەمەریكییەكە لەگەڵ هەر دوو جێگری سكرتێری گشتی یەكێتیدا سازیدەكات، بەڵام هەر دوو جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی (كۆسرەت رەسوڵ‌و بەرهەم ساڵح) نەیانویستوە بەشداری پێبكەن.

بەپێی زانیارییەكانی سپی،  باڵی دەسترۆیشتووی هێرۆ ئیبراهیم بە هەردوو جێگرەكەیان راگەیاندوە ئەگەر مەلا بەختیار بەشداری پێنەكرێت، بەیاننامە لەسەر هەردوو جێگر دەردەكەن. بەرامبەر بەوە هەر یەك لەكۆسرەت رەسوڵ‌و بەرهەم ساڵح نەیانویستوە بەشداری بە مەلا بەختیار بكەن‌و بەو هۆیەوە كۆبوونەوەكە سەری نەگرت‌و وەفدی ئەمەریكییەكەش گەڕانەوە.

رۆژی 15/9 وەفدە ئەمەریكییەكە پاش سەردانیان بۆ بەغدا، گەیشتنە هەرێم‌و لەگلەڵ بارزانی‌و فوئاد مەعسوم‌و سەرۆكی حكومەت‌و جێگرەكەی كۆبوونەوە، بەڵام لەبەر ئەو هۆكارە لەگەڵ یەكێتیدا كۆنەبوونەوە.



PM:05:23:17/09/2016