مەلا کرێکار هێرش دەکاتە سەر گۆڕان و ناوچەی سەوز

ئەمیری پێشووی ئەنسار ئیسلام، مەلا کرێکار دەڵێت" گۆڕان پووکاوەتەوەو ناوچەی سەوزیش لە لایەن ئێرانەوە ئیستعمار کراوە".

مەلا كرێكار ئەمیری پێشووی گروپی ئەنسارولئیسلام، لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ رۆژنامەی رووداودا، لەسەر بزووتنەوەی گۆڕان کە جاران پشتگیری دەکرد، دەڵێت "بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان لەبەرچاوم لێڵ بووە، نازانم پوكاوەتەوە یان كەوتە بەر گوشارە دەرەكییەكان".

مەلا كرێكار، كە لە نەرویج دەژی و ناوبەناو لەلایەن دادگای ئەو وڵاتەوە دەستگیر دەکرێت، لەو چاوپێکەوتنێکدا دەڵێت "ئینشائەڵڵا سبەی لە عیراق جیادەبنەوە و ئەگەر كورانی عەنكاوەش جیابكەنەوە و بیكەن بە دەوڵەت، هەر پشتگیری دەكەم".

سەبارەت بە رۆڵی ئێران و توركیا لەسەر هەرێمی كوردستان و کاریگەریەکانیان، مەلا كرێكار ئاماژە بۆ ئەوەدەكات، كە توركیا و پارتی پەیوەندیان هەیە، بەڵام میت نەچوەتە نێو هەموو گیانی پارتی، بەڵام "ئێران بەهەموو مانای وشە ئیستیعماری ناوچەی سەوز دەكات، بەجۆرێك سەركردەكانی زۆنی سەوزی كردوە بە شیعە، مانگانەش یەك ملیار دۆلاری لەوێ دەستدەكەوێت".



PM:12:26:26/09/2016