موسڵ چۆن ئازاد دەکرێت؟
سپی خاڵە سەرەکیەکانی رێکەوتنی سەربازی هەرێم‌و عێراق‌ بڵاودەکاتەوە

هەرێم و حکومەتی فیدراڵی و ئەمەریکا لەسەر پلانی سەربازی رزگارکردنی موسڵ و چۆنێتی دابەشکردنی هێزەکان و ئەرکی پارێزگاریکردن لە شارەکە لەدوای رزگارکردنی رێککەوتوون، سپی میدیا ناوەرۆکەکەی بڵاودەکاتەوە.

ئەو رێککەوتنە لە یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی ١٣ خاڵیدا کۆکراوەتەوە کە باس لەو هێزانە دەکات بەشداریان پێدەکرێت لە رزگارکردنی مووسڵ و، چۆنێتی دابەشکردنی هێزەکان بەسەر بەرەکانی شەڕدا، ئەوەی سەرنج دەدرێت لەو ناوچانەوە کە بەدەست پێشمەرگەوەیە، نە گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان بەشداری پێدەکرێت، نە میلیشیا شیعەکانی ناسراون بە حەشدی شەعبی. ( ئەگەر زۆرە هێزەکانی پەکەکە لەرێگای حکومەتی عێراقەوە ‌هێزەکانی پاراستنی شەنگالەوە بەشداری بکەن).

لەکۆبوونەوەی رۆژی ٩/١٩ بارزانی لەگەڵ  ژمارەیەك لە بەرپرسە ئەمنی و سەربازییە باڵاكانی هەرێم و دۆگڵاس سیڵیمان باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و جەنەڕاڵ تاونسێند فەرماندەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق و كێن گڕووس كونسوڵی ئەمەریكا لە هەولێر و ژمارەیەك ڕاوێژكار و بەرپرسی سەربازیی ئەمەریكا و عەبدولئەمیر زێدی جێگری سەرۆكی ئەركانی سوپای عێراق و ژمارەیەك لە بەرپرسە باڵایە سەربازییەكانی هێزەكانی عێراق ئامادە بوون، گفتوگۆ لەسەر ئۆپراسیۆنی ئازادکردنی موسڵ کراو ئەو یاداشتنامە سەربازیەی تیانووسرایەوەو هەر سێ لایەنی عێراقی و ئەمەریکی و هەرێم وەک یاداشتی لێکتێگەیشتن لەسەری رێککەوتن و وابڕیارە عەبادی و بارزانی یان دوو کەس لەوانەوە دەسەڵاتیان پێدرابێت واژووی لەسەر بکەن و رێککەوتنەکەش بە هەر سی زمانی کوردی و ئینگلیزی و عەرەبی دەنوسرێتەوە.

بەپێی ئەو لێکتێگەیشتنە لەو ناوچانەی پێشمەرگەی تیایە، هێزی سووپای عێراق و میلیشیا سوونەکان کە ناسراون بە " حەشدی نیشتمانی" و پێشمەرگە هێرشدەکەنە سەر شاری موسڵ، پێشمەرگە تا دەروازەی شارەکە دەڕوات و سووپای عێراق و پۆلیسی فیدراڵی دەچنە نێو شارەکەو ئازادی دەکەن، دوای ئازادکردنیشی تەواوی ناو شارەکە دەدرێتە دەست پۆلیسی فیدراڵی.

بەپێی ئەو رێککەوتنە سەرەتایە" یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنە" لیژنەیەکی هەماهەنگی سەربازی لە نێوان سووپای عێراق و پێشمەرگەو ئەمەریکیەکاندا پێکدەهێنرێت، لەم ماوەیەشدا بەپێی ئەو رێککەوتنە هێزەکانی پێشمەرگە بە چەکی قورس لەژێر سەرپەرشتی هێزەکانی هاوپەیماناندا پڕ چەک دەکرێن.

بەدەر لەو لێکتێگەیشتنە سپی زانیاری ئەوەی بەدەستگەیشتووە کە لەرۆژانی ٦و٧و٨/٩ دا لەلایەن پێشمەرگەو سووپای عێراق و حەشدی نیشتمانی هێرشدەکرێتە سەر شاری حەویجە ئازاد دەکرێت، تا ئێستا رۆڵێ حەشدی شەعبی لە حەویجەدا دیار نییە.

سەبارەت بە بەشداری حەشدی شەعبی لە پرۆسەی رزگارکردنی موسڵ، بەپێی زانیارییەکانی سپی ئەو هێزە لەوناوچانەی موسڵدا بەشداری پێدەکرێت کە زۆرینەی شیعەنشینن، وەک شارۆچکەی تەلەعفەر.

سەبارەت بەشداری تورکیاش ئەو لێکتێگەیشتنەدا کە بەسەرپەرشتی ئەمەریکا کراوە هیچ رۆڵێکی بە بەشداری تورکیا لەو پرۆسەیەدا نەداوە، لەملاشەوە هیچ رۆڵێکی بە بەشداری گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان نەداوە.  

 
  



PM:07:17:28/09/2016