بەبۆنەی یادی عاشووراوە، لە پارێزگای کەربەلا
سێ ڕۆژ کرا بە پشووی فەرمی و لەو پارێزگایە تا هەینی پشوو دەبێت، ئەمەش لە کاتێکدایە
وەزارەتی ئەوقافی هەرێم ڕۆژی سێشەممەی بە ١٠ی موحەرەم داناوە و کردوویەتییە پشووی فەرمی
لە هەرێمی کوردستان
نسەیف خەتاب، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای
کەربەلا لە لێدوانێکیدا بۆ میدیاکان ڕایگەیاند ، ئەنجوومەنی پارێزگای کەربەلا بڕیاریدا
رۆژانی سێشەممە، چوارشەممە و پێنجشەممەی ئەم هەفتەیە پشووی فەرمی بێت لە تەواوی دامودەزگاکانی
پارێزگای کەربەلا.
ئەمەش لە کاتێکدا دێت مەریوان نەقشبەندی،
وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف ڕایگەیاند ڕۆژی سێشەممە ١٠ی موحەرەمە و ئێمە ئەو ڕۆژەمان بە
ئەنجومەنی وەزیران وتووە، کە ساڵانە لەو ڕۆژەدا دەکرێتە پشووی فەرمی.
هاوکات حکومەتی عێراق ڕۆژی چوارشەممەی وەک
١٠ی موحەرەم دیاری کردووە و لەسەرتاسەری عێراقدا ئەو ڕۆژە دەبێتە پشووی فەرمی لە دامەزراوەکانی
سەر بە حکومەتی عێراقدا، کە چەند فەرمانگەیەکیش هەیە لە هەرێمی کوردستان سەر بە بەغدایە.