ڤیدیۆ.. د.یوسف محەمەد: پەکخستنی پەرلەمان تاوان بوو

سەرۆکی پەرلەمان لە پەیامێکدا لەساڵیادی پەکخستنی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن پارتیەوە بە تاوان دەزانێت.
یوسف محەمەد سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ئەمڕۆ ١٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٦ بە بۆنەی ساڵڕۆژی پەکخستنی پەرلەمانی کوردستانەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و لەو پەیامەدا ڕایگەیاند" بە زەبری چەک پەرلەمان بە ئامانج گیرا و پەکخستنی پەرلەمان روداوێکە لە مێژوی کوردستاندا پێویستە وەک تاوان تەماشای بکرێت، چونکە پەکخستنی پەرلەمان تاوانێکە کە نابێت دووبارە ببێتەوە".

سەرۆکی پەرلەمانی ڕاشیگەیاندووە، ئەم تاوانە تاوانی هێزێکە بەرامبەر بە ئیرادەی دیمۆکراتییانەی نەتەوەیەک، بەرامبەر بە پرۆسەی بونیادنانی دەزگا و سیستم و بەشداریکردنی تاکەکانی نەتەوە لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا. دەبوو پەندمان لە مێژوی نەگریسی شەڕی براکوژی وەرگرتایە و فێربوینایە کە هیچ لایەکمان بە هێز ناتوانێت ئەوی تر بسڕێتەوە.

یوسف محەمەد باسی ئەوەشیکردووە "پەرلەمان بەر لە ١٢ی ئۆکتۆبەری پار بە هەموو دەنگ و ڕەنگ و فراکسیۆنەکانیەوە، چالاک بوو. ئەم دۆخە بە هیچ جۆرێک هی ئەوە نییە لەبەرامبەریدا دەستەوەستان بین، چونکە دونیا ئەمڕۆ ڕەنگە بە هۆی شەڕی داعشەوە چاوپۆشی لەم دۆخە سیاسییە ناتەندروستەی هەرێمی کوردستان بکات".

سەرۆکی پەرلەمان ئەوەشی خستووەتەڕوو "لە نزیکترین کاتدا و دوای کۆبونەوە لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنەکان، هەنگاوی کردەیی بۆ بەگەڕخستنەوەی پەرلەمان و سەرپێخستنی هەوڵەکانی پەرلەمانتاران ئەگرینەبەر".
 
لە پەیامەکەی یوسف محەمەد سەرۆکی پەرلەمانی کوردستاندا هاتووە "رۆژی ١٢ی ئۆکتۆبەربۆ هەرێمی کوردستان، رۆژێکی شوم بوو. لەم رۆژەدا، بە زەبری چەک، بە بڕیاری زۆرەملێ و تاکلایەنانەی حیزبێکی سیاسی، پەرلەمان و شەرعیەتی دیمۆکراتی بە ئامانج گیران و، چەند وەزیرێکیش هەر بە بڕیاری حیزبی و بەدەر لە ئیرادەی پەرلەمان، لە هەنگاوێکی کودەتائامێزدا، ڕێیان لێگیرا کە بچنە سەر کارەکانیان".
 
ئەوەشی تێدا هاتووە "لە راستیدا ئەم رووداوە گەڕاندنەوەی هەرێمی کوردستان بوو بۆ دواوە. بۆ چوارگۆشەکانی سەرەتا.پەکخستنی پەرلەمان، روداوێکە لە مێژوی کوردستاندا کە پێویستە وەک تاوانێک تەماشابکرێت، تاوانێک کە نابێت دوبارە بێتەوە. ئەم تاوانە تاوانی هێزێکە بەرامبەر بە ئیرادەی دیمۆکراتییانەی نەتەوەیەک، بەرامبەر بە پرۆسەی بونیادنانی دەزگا و سیستم و بەشداریکردنی تاکەکانی نەتەوە لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا".
 
 ساڵی پار رۆژی ١٠/١٢/ ٢٠١٥ پارتی دیموکراتی کوردستان لە رێگای رێگاگرتن لە سەرۆکەکەی کە بگەڕێتەوە سەر کارەکەی لە هەولێر، پەرلەمانی پەکخست و ئەمڕۆ ساڵێک بەسەر ئەو رووداوەدا تێپەڕدەبێت.


PM:08:34:12/10/2016