پرسی ئاسۆ فەرەیدوون و هەڤاڵ ئەبوبەکر و سەردار قادر ئەنجومەنی شوورا یەکلایی دەکاتەوە

وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێم لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا رایگەیاند " پرسی یەکلاییکردنەوەی کێشەی پارێزگاری سلێمانی ئاراستەی ئەنجوومەنی شوورا کراوە".

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا لەسەر پرسی ئاوارەکان لە نێوان د. دەرباز محەمەد وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق و کەریم شەنگالی وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێم، لە وەلآمی پرسیارێکی رۆژنامەنووساندا لەسەر یەکلایی کردنەوەی پرسی پارێزگای سلێمانی لەنێوان د. ئاسۆ فەرەیدون و هەڤاڵ ئەبوبەکرو سەردار قادر، کەریم شەنگالی رایگەیاند" ئەو پرسە ئاراستەی ئەنجومەنی شوورا کراوە تا بڕیاری کۆتایی لەسەر بدات".

هەفتەی رابردوو وەزارەتی ناوبراو جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە " تا ئێستا لە رووی یاساییەوە د. ئاسۆ فەرەیدون پارێزگاری سلێمانیە"، بەلآم هەرزوو جێگری سەرۆک وەزیران قوباد تاڵەبای وەلآمی دایەوەو جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە سەردار قادر تا پرسی پارێزگاری سلێمانی یەکلایی دەکرێتەوە، ئەو بەوەکالەت پارێزگاری سلێمانییە.

وتەکانی ئەمڕۆی کەریم شەنگالی لە میانەی کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەری نێوان وەزیری کۆچ بەرانی حکومەتی بەغداو وەزیری ناوخۆی هەرێمدا لەسەر پرسی ئاوارەکان لەشەڕی موسڵدا لە هەولێر سازکرا.


AM:10:32:13/10/2016