کۆی قەرزەکانی حکومەتی هەرێم کوردستان 29.5 ترلیۆن دینار قەرزدارە

حکومەتی هەرێم سەرباری ئەوەی سیاسەتی پاشکەوتی مووچەو زیادکردنی داهاتی راگەیاندووە، بەڵام لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٦ شدا 29.5  بسیت و نۆ ترلیۆن و پێنج سەد ملیار دینار قەرزار دەبێت.

بەپێی هەندێک زانیاری لە چەند سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراوەوە دەست سپی کەوتووە حکومەتی هەرێم تا کۆتایی ٢٠١٦ بڕی 33.5 سی و سی ترلیۆن و پێنج سەد ملیار دینار قەرزارە، بەڵام بەرامبەر ئەوەش حکومەتی هەرێم نزیکەی 4 چوار ترلیۆن دیناری لای کۆمپانیاکان و هاوڵاتیانە کە لە پێشینەی خانوبەرەو هاوسەری و قەرزی کشتوکاڵ و پیشەسازیدا خۆی دەبینێتەوە، بەمەش ئەگەر ئەو قەرزە بگەڕێندرێتەوە، ئەوا حکومەتی هەرێمی کوردستان هێشتا 29.5  بیست و نۆ ترلیۆن پێنج سەد ملیار قەرزارە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست سپی کەوتوون حکومەتی هەرێم بڕی 1.300 یەک ترلیۆن و سێ سەد ملیار دینار قەرزاری حکومەتی تورکیایە.

هەروەها تراکماتی قەرزی ساڵانی رابردوو تا ٣١\١٢\٢٠١٣ بڕی 3.380 سێ ترلیۆن و سێ سەد هەشتا ملیار دیناری عێراقی بوو. تا کۆتایی ساڵی ٢٠١٤ بوو بە 6.500 شەش ترلیۆن و ٥٠٠ ملیار دینار.

بەپێی ئەو زانیاریانە حکومەتی هەرێم تا کۆتایی ساڵی ٢٠١٥ بڕی ١ یەک ترلیۆن دینار قەرزاری وێستگەکانی کارەبایە. هەروەها تاکۆتایی ٢٠١٥ بڕی  100  سەد ملیار دینار قەرزاری دەرمانە.

هەرچی قەرزاری بەڵێندەرەکانی کوردستانە تا کۆتایی ساڵی ٢٠١٥ بڕەکەی 800  هەشت سەد ملیار دینارە.

حکومەتی هەرێم ١٠ مانگی مووچەخۆرانی کوردستان قەرزارە کە چوار مانگی لە ساڵی ٢٠١٥ داو شەش مانگەکەی تر لە ٢٠١٦ دایە، هەر مانگێک مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بڕەکەی 900 نۆ سەد ملیار دینارە، بەو پێیە بۆ دە مانگەکە دەکاتە 9 نۆ ترلیۆن دینار.

قەرزی گەورەی حکومەتی هەرێم کە هاوشانی مووچەیە، قەرزی وەزارەتی سامانە سروشتیەکانە، ئەم وەزارەتە تا کۆتایی ٢٠١٥ بڕی 4 چوار ترلیۆن دینار قەرزاری کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوتە، هەروەها 2  دوو ترلیۆن دینار قەرزاری کۆمپانیاکانی ناوخۆیە، ئەمە جگە لەکێشەی دادگایی کردنەکەی حکومەتی هەرێم لەگەڵ کۆمپانیای داناغاز کە بڕەکەی 2.400 دوو ترلیۆن و چوار سەد ملیار دینارە.

بەم پێیە حکومەتی هەرێم تراکماتی قەرزی ساڵانی ٢٠١٣ و ساڵی ٢٠١٤ و ساڵی ٢٠١٥ پێکەوە 13 سیانزە ترلیۆن دینارە،  بۆساڵی ٢٠١٦ ش کە نزیک دەبینەوە لە کۆتایی پیشبینی دەکرێت ١ یەک ترلیۆنی کارەبای دەچێتە سەر، هەروەها قەرزەکەی تورکیا کە 1.300 یەک ترلیۆن و سێ سەد ملیار دینارە، هەروەها 100 سەد ملیاری دیناری کارەباو، بڕی 800  هەشت سەد ملیاری بەڵێندەران و بڕی مووچەش 9  نۆ ترلیۆن دینارو، بڕی 8.400   هەشت ترلیۆن و چوار سەد ملیار. 

بەم پێیە کۆی قەرزەکانی حکومەت لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٦ دا دەکاتە 33.6  سی و سی ترلیۆن و شەش سەد ملیار، ئەو پارەیەی لێدەربکرێت کە لەلای کۆمپانیا ناوخۆیەکان و خەڵکە کە ٤ چوار ترلیۆن دینارە، دەمێنێتەوە 29.5  بیست و نۆ ترلیۆن و پێنج سەد ملیار دینار.       



PM:12:54:24/10/2016