لە ماوەی دوو رۆژدا کۆسرەت رەسوڵ و هێرۆ ئیبراهیم و وەفدێکی هەردوولا کۆدەبنەوە بێ ئەوەی هیچی لێ سەوزبێت، خاڵی ناکۆکیشیان بەرهەم ساڵحە.
میدیاکانی نزیک یەكێتی بلآویان کردەوە ئەمڕۆ لە بینای مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە سلێمانی بە سەرۆکایەتی کۆسرەت رەسوڵ و هێرۆ ئیبراهیم و بە بەشداری حاکم قادر حەمەجان و دەرباز محەمەدو بافڵ تاڵەبانی دووەم کۆبوونەوەی نێوانیان سازکرد، ئەو میدیایانە ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە ئەمە دووەم کۆبوونەوەیەو دوێنێ ١٠/٢٩ لە ماڵی کۆسرەت رەسوڵ کۆبوونەوەی یەکەمیان سازکردووە.
سەرچاوەیەکی نزیک لەکۆبوونەوەکە بەسپی راگەیاند" هەردوو کۆبوونەوەکە بە هیچ ئەنجامێک نەگەیشتووە، کێشەی سەرەکی نێوانیشیان پەیوەندی نێوان بەرهەم ساڵح و هێرۆ ئیبراهیمە، چونکە نە هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ئامادەیە لەگەڵ بەرهەم ساڵح کۆبێتەوەو بەرهەم ساڵحیش هەمان هەڵوێستی هەیە".
ئەو سەرچاوەیە باسی لەوە کرد کە ئەو دوو باڵە گفتوگۆ لەسەر هەر پرسێک دەکەن و دەگەنە ئەنجامێک ناکۆکی نێوان بەرهەم ساڵح و هێرۆ ئیبراهیم رێگرە لەبەردەم نزیکبوونەوەیان.