وڵاتێكی سكاندیناڤی مافی پەنابەری دەداتە پەنابەران

حكومەتی سوید بڕیاریداوە بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێك بە شێوەی كاتی مافی پەنابەرێتی بداتە ئەو پەناخوازانەی روویان لەو وڵاتە كردوە.
 
بەپێی یاسا نوێیەكانی سوید، كە لە ساڵی 2015دا تایبەت بە پەنابەران دەركراوە، بەشێوەیەكی كاتی مافی پەنابەرێتی لە ساڵێك و یەك مانگەوە‌ تا سێ ساڵ دەدرێت بەو پەناخوازانەی روو لەو وڵاتە دەكەن، هاوكات ئەگەری درێژكردنەوەشیان هەیە.

هەر بەگوێرەی یاسا نوێیەكان، ئەوانەی مافی پەنابەری وەردەگرن بۆ ماوەی ساڵێك، ناتوانن  خێزانەكانیان ببەن بۆ سوید، بەڵكو تەنها ئەوانە رێگەپێدراو دەبن خێزانەكانیان بەرن كە بە پەنابەری سیاسی دەناسرێن.

بەگوێرەی ئامارەكان، لە 40 ساڵی رابردودا 250 هەزار عیراقی مافی پەنابەریان لە سوید وەرگرتوە كە مەزەندە دەكرێت لەو رێژەیە زیاتر لە 60 هەزاریان كورد بن، بەڵام لە ‌ساڵی 2015-دا 20 هەزار پەنابەری عیراقی روویان لە سوید كردووە و لەو ژمارەیەش تەنها هەزار و 500 كەسیان مافی پەنابەریان پێدراوە، ئەوانی دیكە یان كەیسەكانیان یەكلانەكراوەتەوە یاخود وەرگرتنیان رەتكراوەتەوە.



AM:11:52:16/11/2016