خۆپیشاندەران چوونە بەردەم دادگای سلێمانی
تا ئێستا ١٣ مامۆستا دەستگیرکراون

خۆپیشاندانی مامۆستایان بەردەوامە و بەرێپێوان چوونە بەردەم دادگا، ئەمە لەکاتێکدایە کە ١٣ چالاکوانی مامۆستا دەستگیرکراون.

بەیانی ئەمڕۆ ١٢/١ سەرباری رێوشوێنی ئەمنی توندو دەستگیرکردنی چەندان خۆپیشاندەری مامۆستا، تا ئێستا خۆپیشاندان بەردەوامەو ئێستا لەبەردەم دادگای سلێمانی گردبوونەتەوەو جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە دەبێت هاوڕێکانیان ئازاد بکرێن کە تا ئێستا ئامارە سەرەتاییەکان ئاماژە بۆ گرتنی ١٣ مامۆستای ناڕزای دەکەن کە ژمارەیەکیان ئەندامی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕزاین و یەکێکیان کارگێری یەکێتی مامۆستایانە لە سلێمانی.

مامۆستایان داوای هەڵوەشانەوەی سیستەمی مووچەو پێدانی مووچە فەوتاوەکانیان و پێدانی لەکاتی خۆیدا دەکەن، هەروەها داوای دەستگیرکردنی ئەو کەسانە دەکەن کە سێ ئۆتمبیلی مامۆستایانی ناڕزایان لە کاتژمێر ٢ شەوی سەرەتای ئەم هەفتەیەدا لە بەرماڵەکانیان سووتاند.

خۆپیشاندەران جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە ئەو جێگایەی لێی گردبوونەتەوە بەرینادەن تا هاورێکانیان ئازاد دەکرێن.

بەرێوەبەری گشتی پەرورەدەی سلێمانی رۆژی چوارشەممە رایگەیاند کە بایکۆت دەبێت کۆتایی پێ بێت و دەست بەدەوامی قوتابخانەکان بکرێتەوە، بەلآم ئەو فەرمانە تا ئێستا شکستی هێنا، هەروەها پەروەردە فۆرمی بەسەر بەڕێوەبەری قوتابخانەکان دابەشکرد کە دەست دەکەنەوە بەدەوام، یان بەردەوام دەبن لە بایکۆتکردن، بەلآم زۆرێک لە مامۆستایان رەتیان کردەوە.

 



PM:12:45:01/12/2016