ئاسۆس هەردی لەسەر دەستگیركردنی مامۆستایان: ئافەرین كوردستانی ئازاد

سەرۆكی كۆمپانیای ئاوێنە لە نوسینێكدا لەسەر دەستگیركردنی ئەمرۆی ژمارەیەك لە مامۆستایانی سلێمانی روو لە دەسەڵاتداران دەنوسێت: ئافەرین كوردستانی ئازاد! ئافەرین مۆدێلی دیموكراسی كوردی!

رۆژنامەنوس‌و سەرۆكی كۆمپانیای ئاوێنە، ئاسۆس هەردی دەنوسێت:  ئەوەی لەم گرتە ڤیدیۆییەدا دەیبینین، دەستگیرکردنی ئەمیرێکی داعش نیە!
کۆنە بەعسییەکی ئەنفالچی نیە!
گەندەڵێک نیە سەروەت‌و سامانی خەڵکی بەتاڵان بردبێ‌و لەبانکەکانی ئەورپا کۆی کردبێتەوە!
تۆمەتباری تیرۆری د.وشیارو شەهیدانی قەڵەم نیە!
بە زەبری چەک قفڵی لە دەرگای پەرلەمان نەداوە!
سووکایەتیی بە خەڵک نەکردووەو یاساکانی ئەم وڵاتەی ژێرپێ نەناوە!
ئەوەی لەم ڤیدیۆیەدا دەیبینین دەستگیرکردنی مامۆستایەکە، داوای مووچەکەی ئەکات. نە چەکی پێیە، نە دزە، نە پیاوکوژە، نە لەبەر کورسی‌و پارەی نەوت کوردستانی تووشی قەیران کردووە.

نافەرین کوردستانی ئازاد!
ئافەرین مۆدێلی دیموکراسی کوردی!

ئاسۆس هەردی لەكۆتاییدا دەنوسێت:  دڵنیام ئێستا ئەگەر ئەو شەهێدانەی گیانی خۆیان کردە قوربانی ئەم وڵاتە دەنگیان لێوە بێت، تەنها یەک رستەیان پێیە بیڵێن:

حەیف‌و مەخابن! ئەمە ئەو وڵاتە نەبوو کە ئێمە لەپێناویدا خۆمان کردە قوربانی! سەد حەیف‌و مەخابن!



PM:02:47:01/12/2016