ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی رێگا چارەکانی كێشەی باڵەکانی ناو حیزبەکەی راگەیاند

ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان لە پاش كۆبوونەوەیەكی فراوانی خۆی پرۆژەیەك بۆ چارەسەر كێشەی باڵەكانی ناو یەكێتی پێشكەش دەكات.

 پاشان نەخشە رێگاكەی یەكێتی ئاڕاستەی هەریەك لە سكرتێرانی گشتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و جێگران و كۆمیتەی سەركردایەتی كرا، دوای تاووتوێ كردن و رەزامەندییان لەسەری ئەمڕۆ 12-12-2016 پرۆژەی ئەنجومەنی ناوەندی بۆ چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بڵاوكرایەوە.

ئەمەی خوارەوە دەقەكەیەتی:

(پرۆژەی ئەنجومەنی ناوەندی بۆ چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان)

لە روانگەی پەرۆشیمان بۆ پاراستنی یەكریزی هەڤاڵانی یەكێتی و پەی بردنمان بە گرنگی پتەوكردنی گیانی هەڤاڵانە و دورخستنەوەی ئەگەری ترازان و پەیڕەوكردنی سیاسیەتی راست و دروستی چەپكەگوڵەكەی هەڤاڵ مام جەلال، وە لەبەر هەستیاری و گرنگی دۆخی هەرێم و ناوچەكەو گۆڕانكاریە چاوەڕوانكراو و نەكراوەكان، لە دوای ئەنجامدانی زنجیرەیەك دیداری لیژنەی راسپێردراوی ئەنجومەنی ناوەندی لەگەڵ هەڤاڵە پەیوەندیدارەكانی یەكێتی و دوای گفتوگۆی چڕ و پڕی راشكاوانە بەمەبەستی چارەسەركردنی كێشەی ناوخۆی یەكێتی ئەم پرۆژەیەمان گەڵاڵە كرد وەكو ئەركێكی حزبی و ئۆرگانی و مێژوویی لە پێناو بەرژەوەندی گشتی و رێكخستنی ناوماڵی یەكێتی بۆ ئەوەی ببێتە نەخشەرێگایەك بۆ ئەم قۆناغەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان.

یەكەم/ ئۆرگانەكانی بڕیاردان لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان:
١- ئەنجومەنی سەركردایەتی:
ئەنجومەنی سەركردایەتی لە بواری جێبەجێكردنی ئەركەكانی (ی.ن.ك) دا لە نێوان دوو كۆنگرەدا بەرزترین دەسەڵاتەو ئەركی جێبەجێكردن و بەدواداچوونی بڕیار و راسپاردەكانی نێوان دوو كۆنگرەو داڕشتنی سیاسەتی گشتییە لەسەر ئاستی ناوخۆیی و دەرەكی و پەرەپێدانی پەیوەندیەكانی (ی.ن.ك) لەگەڵ لایەنەكانی تردا، لەگەڵ ئەو دەسەڵاتانەی تر كە لە ماددەی (32) و ماددەكانی تری پەیڕەوی ناوخۆی (ی.ن.ك) پێیدراوە.
٢- مەكتەبی سیاسی:
ئەرك و دەسەڵاتی جێبەجێكردنی بڕیار و راسپاردەكانی كۆمیتەی سەركردایەتی هەیە لەگەڵ سەرپەرشتی كردن و رێنمایی كردنی ئۆرگانەكانی حزب و پەرەپێدانی پەیوەندی (ی.ن.ك) لەگەڵ لایەنەكانی تر و دەسەڵاتەكانی تر كە پەیڕەوی ناوخۆی (ی.ن.ك) پێی دەدات .
دووەم/ هەماهەنگی و راوێژكردن بۆ كۆبوونەوەكان:
پێش ئەنجامدانی كۆبوونەوەكانی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی، (هەڤاڵان جێگرانی سكرتێری گشتی و لێپرسراو و ئەندامانی دەستەی كارگێڕی (م.س) و هەڤاڵ هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی) راوێژو هەماهەنگی بكەن بەمەبەستی سەرخستنی كۆبوونەوەكان.
سێیەم/ ئەنجامدانی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی:
١- ئەنجومەنی سەركردایەتی پاڵپشت بە ماددەی (33) لە پەیڕەوی ناوخۆی (ی.ن.ك) لە وادەی خۆیدا كۆبوونەوەی ئاسایی دەكات و لە كاتی پێویستدا كۆبوونەوەی نا ئاسایی ئەنجام دەدرێت.
٢- كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی بە سەرپەرشتی جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی دەبێت، ئەگەر ئامادە نەبوو بەو رێكارانە دەبێت كە لە پەیڕەوی ناوخۆی (ی.ن.ك) دا هاتووە .
چوارەم/ رێژەی یاسایی و چۆنیەتی دەنگدان لە كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی بەو رێوشوێنانە دەبێت كە لە ماددەی (5)ی پەیڕەوی ناوخۆی (ی.ن.ك) دا هاتووە .
پێنجەم/ ئەو بڕیارانەی كە لەلایەن ئەنجومەنی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی پەسەند دەكرێن دەبنە بڕیاری یەكێتی و دەبێت جێبەجێ بكرێن، وە لەوكاتەدا هیچ هەڤاڵێك دەسەڵاتی بڕیاری پێچەوانە و تاكڕەوانەی نیەو ئەنجومەنی ناوەندی چاودێری جێبەجێكردنی بڕیارەكان دەكات.
شەشەم/ سكرتێری ئەنجومەنی ناوەندی (ی.ن.ك) لە كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی بەشدار دەبێت .
حەوتەم/ چارەسەركردنی دۆسیەكان:
دۆسیەی دارایی یەكێتی بە (داهات و خەرج) ەوە، دۆسییەكانی نەوت و گاز، پەیوەندییەكان لەسەر ئاستی (ناوخۆیی و عێراقی و دەرەكی)، پڕكردنەوەی پۆستەكانی یەكێتی لە هەرێم و بەغداد و ئاڵوگۆڕ لە پۆستە حزبی و حكومیەكان، بەستنی كۆنگرەی (4) و دۆسیەكانی تر بەپێی گرنگی و ئەولەویەتی دۆسیەكان بە بەرنامەیەكی گونجاو لەلایەن ئەنجومەنی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی بە هەماهەنگی و بەبەشداری ئەنجومەنی ناوەندی چارەسەر بكرێن.
هەشتەم/ بەستنی كۆنفرانسی مەكتەب و دەزگاكان:
بەمەبەستی كاراكردنەوەی ئۆرگانەكان و دانانی نەخشەڕێگای نوێ‌ و گونجاو بۆ ئەم قۆناغەو بۆ زیاتر پێشخستنی مەكتەب و دەزگاكان كۆنفرانسی تایبەت ببەسترێت بە پێی تایبەتمەندی ئۆرگانەكان, پاڵپشت بە ماددەی (48) بڕگەی (6) لە پەیڕەوی ناخۆی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان.
نۆیەم/ بەمەبەستی رێگریكردن لەفرەلێدوانی و گەیاندن و شیكردنەوەی سیاسەت و پەیامی فەرمی یەكێتی بەرای گشتی و وەڵامدانەوەی ئەو تۆمەتە ناڕەوایانەی دەدرێتە پاڵ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، پێویستە یەكێتی وتەبێژی فەرمی هەبێت، یان پێكهێنانی ژورێكی راگەیاندنی پسپۆڕی تایبەتمەند بۆ هەمان مەبەست.
ئەنجومەنی ناوەندی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان



PM:03:38:12/12/2016