یەكێتی: كەسوكاری شەهیدی ئەم وڵاتە هەمووی سواڵ دەكەن و نان نییە بیخۆن

عەتا سەراوی ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایدەگەیەنێت، ئەگەر بزانن سروە عەبولواحید پەرلەمانتاری گۆڕان سوكایەتی بە شەهیدان دەكات، پێش هەموو كەس یەكێتی لێی بێدەنگ نابێت، دەشڵێت "كەسوكاری شەهیدی ئەم وڵاتە هەمووی سواڵ دەكەن و نان نییە بیخۆن"

عەتا سەراوی بە رۆژنامەی "ئاوێنە"ی راگەیاندوە، سروە عەبدولواحید شتێكی وای نەوتوە تا ئەو هەڵڵایەی لەسەر سازبكرێت، دەشڵێت "بۆچی زوڵم لە شەهید بكرێت و ببێتە كراسەكەی عوسمان و بازرگانی پێوەبكرێت؟ ئەوەی سروە وتی شایستەی ئەو هەڵڵا گەورەیە نەبوو كە پارتی كردی".

وتوشیەتی "هەمو كەسێك دەزانێت زۆربەی شەهیدی ئەم وڵاتە یەكێتی-یە و شەهیدی حزبەكەی ئێمەیە، ئێمە ئەگەر بزانین سوكایەتی بە شەهیدەكانمان دەكات پێش هەموو كەس لێی بێدەنگ نابین و لێی دێینە دەنگ و قبوڵی ناكەین، بەڵام هەستمان نەكردوە سوكایەتی بە شەهید و پێشمەرگە كرابێت بۆیە هیچمان نەوتوە، هەقی هەموو تاكێكی ئەم كۆمەڵگایەیە لەسەر بڕینی موچەو كەسوكاری شەهید و پێشمەرگە بێتە دەنگ، بێدەنگی لەوە زیاتر تاوانە".

عەتا سەراوی جەختی لەوەش كردۆتەوە، كەسوكاری شەهیدی ئەم وڵاتە هەمووی سواڵ دەكەن و نان نییە بیخۆن، ئیتر سروە بەو قسانەی تاوانی نەكردوە كە ئەوەی وتوە، دەشڵت "بە سێ مانگ جارێك موچەی كەسوكاری شەهیدو موچەی كەمئەندامی سەنگەر دەدرێت، ئیتر بۆچی ئەمە تاوانە بوترێت، خەڵكی سێ مانگ جارێك موچەی بدرێتێ باسی ئەمە بكەیت تاوانە؟ بەڵام دزینی پارەی نەوت و نانبڕینی خەڵك ئەمە تاوان نییە، سەیرە داكۆكیكردن لە قوتی خەڵك ببێتە تاوان و نانبڕی و بڕینی قوتی خەڵك ببێتە شانازی!"

وتیشی "ئەوەی سروە وتویەتی ڕاستە كەسوكاری شەهید نە ئاوی دەدرێتێ نە كارەبای دەدرێتێ نە نەوتی دەدرێتێ، گەر موچەی هەبێت نانی دەبێت، ئاوی دەبێت ژیانی دەبێت، ئەوەی پەیوەندی بە قوتی خەڵكەوە بێت وایە شتێكی لەسەر كەرامەتی شەهید باس نەكردوە تا ئێمەش یەخەی بگرین؟!".



PM:01:59:13/12/2016