جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان كۆدەبێتەوە

ئەمڕۆ جڤاتی نشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان كۆدەبێتەوەو پێشنیارەكانی جڤاتی گشتی‌و یاسای بودجەی گشتی عێراق تاوتوێ دەكات.

بڕیارە ئەمڕۆ شەممە، جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان لە مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەكە لە سلێمانی كۆببێتەوە‌و گفتوگۆ بكات لەسەر راسپاردەكانی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان دەربارەی كۆبونەوەی وەفدی گۆڕان لەگەڵ وەفدی پارتی دیموكراتی كوردستان.

تەوەرێكی تری كۆبونەوەكە تایبەت دەبێت بە گفتوگۆكردن لەسەر یاسای بودجەی گشتی عێراق‌و پشكی بودجەی هەرێم لەو یاسایەدا، لەوبارەیەوە كاوە محەمەد سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رونكردنەوە پێشكەش دەكات.



AM:10:25:17/12/2016