سپی ناوەرۆكی کۆبوونەوەی پارتی و گۆڕان بلآودەکاتەوە

دوا نیوەڕۆی ئەمڕۆ کۆبوونەوەی پارتی و گۆڕان لە مەکۆیی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان لە سلێمانی بەبێ سازدانی هیچ کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەری کۆتایی هات، سپی ناوەرۆکەکەی بلآودەکاتەوە.

کۆبوونەوەکە کە لەلایەن مەکتەبی سیاسی پارتیەوە، فازل میرانی سەرۆکایەتی دەکردو لەلایەن گۆڕانەوە عومەری سەید عەلی، ئەو کۆبوونەوەیە کە ساڵ زیاترە هەردوولا پێکەوە کۆنەبوونەتەوە، پاش دوو کاتژمێر و بیست خوولەک کۆتایی هات، بەبێ ئەوەی هیچ زانیارییەک بۆ میدیاکان لەسەر ناوەرۆکی کۆبوونەوە رابگەیەنرێت.

بەپێی زانیارییەکانی سپی کە لەسەرچاوەیەکی تایبەتەوە دەستی کەوتووە، ئەم سەردانەی وەفدی بالآی پارتی زیاتر بۆ زانینی رای گۆڕان و لایەنەکانی تر بووە.

سەرچاوەکەی سپی ئاماژە بۆ ئەوە دەکات بەشێکی زۆر گفتوگۆکان لەسەر پرسی سەرۆکایەتی هەرێم بووەو پارتی ئاماژەی بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە کردووە.

لە کۆبوونەوەکەدا گۆڕان ئاماژەیان بۆ ئەوە کردووە کە بارازنی لە بانگەوازەکەیدا ئاماژە بۆ گۆڕانکاری لە پۆستەکانی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی پەرلەمان کردووە" پێویستە ئەوە بکرێتە ئەساس و پارتی وەک جارانی پێشوو نەکات و پڕۆژەی هەبێت، بۆ چارەسەرکردنی ئەو گۆڕانکاریانەی لەو سێ پۆستەدا دەکرێت".

پارتیش لە وەلآمدا ئاشکرا کردووە کە دوای گوێگرتن و وەرگرتنی رای لایەنەکان پرۆژەیان بۆ چارەسەری کێشەکان دەبێت.

گۆڕان کە چەند رۆژێکە رایگەیاند کە پرۆژەی ئامادەکردووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، لەو کۆبوونەوەیەدا هیچ پرۆژەیەکی نەداوە بە پارتی  و داوای کردووە کە ئەمجارە پارتی پرۆژەی هەبێت.


ئەمڕۆ وەفدێکی بالآی پارتی کە پێکهاتبوون لە ‌فازڵ میرانی‌، ئه‌حمه‌د كانی‌، كاكه‌مین نه‌جار، مه‌حمود محه‌مه‌د، دڵشاد شه‌هاب، عزه‌دین به‌رواری‌، سەردانی سلێمانیان کردو بەجیا لەگەڵ هەریەک لە یەکێتی و گۆڕان و بزووتنەوەی ئیسلامی کۆبوونەوە.




 



PM:08:21:19/12/2016