ڤایبەر چەند تایبەتمەندییەكی سەرنجڕاكێش زیاد دەكات

کۆمپانیای تۆڕی پەیوەندیی (ڤایبەر)، کۆمەڵێک تایبەتمەندیی نوێی بۆ پڕۆگرامەکەی دەخاتەڕوو و خزمەتگوزاریی زیاتری دەدات بە بەكارهێنەرانی.

دوێنێ چوارشەممە 28/12/2016، ڤێرژنێکی نوێی پڕۆگرامی ڤایبەر، لەسەر سیستەمی ویندۆز 10 کارا کرا، کە تێیدا کۆمەڵێک تایبەتمەندیی گرنگ زیاد کراوە، لەوانەش: لەمەوپاش بەکارھێنەرانی ڤایبەر دەتوانن فایلی ڤیدیۆیی قەبارە گەورە، بۆ ھاوڕێکانیان بنێرن.
تایبەتمەندییەکی دیکەش بۆ ڤایبەر زیاد کراوە، کە لەمەوپاش ئەگەر ھاوڕێیەکت وێنەی جووڵاو (GIF)ت بۆ بنێرێت، بۆ سەیرکردنی وێنە جووڵاوەکە، پێویست بە کلیک ناکات و خۆی بە شێوەیەکی خۆکاری دەکرێتەوە و وێنەکە دەجووڵێتەوە.

ھەر لەم ڤێرژنە نوێیەی ڤایبەردا، تایبەتمەندییەکی گرنگ زیاد کراوە، کە لەمەوپاش بەکارھێنەرانی ڤایبەر دەتوانن پێش ئەوەی ڤیدیۆیەک بۆ ھاوڕێکانیان بنێرن، بەشێک لە ڤیدیۆکە دەستکاری بکەن و ڤیدیۆکە ببڕن.

ئەم تایبەتمەندییانە تەنیا لەسەر سیستەمی ویندۆز 10 بەردەست کراوە، بۆ بەدەستھێنانیشی، پێویستە پڕۆگرامی ڤایبەر نوێ (Update) بکەنەوە.



PM:05:03:29/12/2016