قەرەیڵان: شەڕی پارتی ناکەین‌و لەم دۆخەدا یەکێتی نەتەوەیی گرنگە

سەرکردەی دیاری پارتی کرێکارانی کوردستان، موراد قەرەیڵان رایگەیاند" ناکەونە شەڕەوە لەگەڵ پارتی‌و، لەدۆخێکی ئەم شێوەیەدا یەکێتی نەتەوەیی گرنگە".

موراد قەرەیلان، ئەندامی کۆمیتەی بەرێوەبەریی پەکەکە وەڵامی نێچیرڤان بارزانی دەداتەوە کە رایگەیاند ئەگەر پەکەکە شەنگال چۆڵ نەکات، ئەگەر هەیە هێز دژی بەکاربهێنرێت، بە ستێرک تیڤی راگەیاند"  قۆناغی ئێستا قۆناغێکی زۆر گرنگە کە تێیدا بڕیارە چارەنووسی گەلی کورد دیاریبکرێت، بۆیە لە دۆخێکی بەم شێوەیەدا یەکێتی گەلی کورد زۆر گرنگە، پێویستە هەمووان بزانن کە بە هەڕەشە هیچ دەرئەنجامێک دەست ناکەوێت و دەبێت کێشەکان بە دیالۆگ چارەسەر بکرێن".

ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پەکەکە وتی" ئێمە دەمانەوێت کێشەکانی ناوخۆ و دەرەوەی گەلی کورد بە دیالۆگ چارەسەربکەین، بۆ ئەو کێشانەش کە چارەسەر نابن پێویستە پلاتفۆرم و چەترێکی هاوبەش پێکبێت، بۆیە یەکێتی نەتەوەیی بۆ داهاتووی گەلەکەمان زۆر گرنگە، نابێت ڕێگا بدەین خوێنێ ئەو هەموو شەهیدانە پێشێل بکرێت".
 
قەرەیلان لە قسەکانیدا باسی لە قسەکانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە و ڕایگەیاندووە:" من هیج واتایەکم لە قسەکانی نێچیرڤان بارزانی لەبارەی شەنگالەوە نەدۆزییەوە، بۆچی بەرێز بارزانی بەو شێوەیە قسەی کرد، من تێنەگەیشتم، لەنێوان ئێمە سەردان و چاوپێکەوتن هەیە، جاری یەکەمە کە ئەمە ئاشکرا دەکەم، ئێمە پێشتر لە دانوستانەکانماندا بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی هەپەگەمان لە شەنگال بەوان راگەیاندبوو، بەڵام تێناگەم بۆچی نێچیرڤان بارزانی بەو شێوەیە و بەو زمانەوە قسەی کرد، هێشتا دانوستان و دیدار و قسەکانی ئێمە بەیەکەوە کۆتایی نەهاتووە، ئایا دەیانەوێت هەموو شتێک خراپ بکەن؟ بە چ هۆکارێک بەو شێوەیە قسەی کردووە، پێویستە هۆکارەکانی بۆ ئەمشێوەیە قسەکردنە شرۆڤە بکات، ئێمە پێمانوایە قەت پێویست بەو شێو قسەکردنە نەبوو، بەتایبەت وتنی ئەمەی، کە " ئێمە هێز و توندوتیژی بەکاردێنین" بە چ واتایەکە؟ بە واتای براکوژییە؟ ئایا ئەوان دەیانەوێت ڕێگا بۆ شەڕی براکوژی بکەنەوە؟ ئایا دەیانەوێت بەم شێوەیە کێشەکان چارەسەربکەن؟ ئەو پەیامەیان بۆ کێ ناردووە؟ پێویستە هەمووان بزانن کە بە هەڕەشە هیچ دەرئەنجامێک دەست ناکەوێت، مێژوو ئەمەی سەلماندووە، کە پەکەکە هێزێک نییە کە لەبەر هەڕەشە تەنانەت یەک هەنگاویش پاشەکشە، بۆیە من بەگشتی لە قسانەکانی بەڕێز بارزانی تێنەگەیشتم".
 
موراد قەرەیلان وتیشی: "ئەوە چەند ڕۆژە باس لەم قسانە دەکەن و شرۆڤەی جۆراوجۆری بۆ دەکەن، بەڕای من دەبێت هەوڵبدرێت کێشەکان لە ڕێگای دیالۆگەوە چارەسەر بکرێن و کەموکوڕییەکان قەرەبوو بکرێنەوە، بەڕای من پێویستە بەڕێز بارزانی وەکو سەرۆکی حکومەتی هەرێم بیر لە چارەسەرکردنی کێشەکان بکاتەوە، پێمانوایە دەتوانین بەیەکەوە کێشەکانمان چارەسەر بکەین، بەڵام قسەی لەو جۆرە قۆناغی دانوستان و هاوکاری تەواو دەکات، کورد لە سیاسەتدا خاوەنی ئەزموونە، هەم ئێمە و هەم سەرۆکایەتی پارتی لەم بوارەدا ئەزموونمان هەیە، جیهان سەیرمان دەکات و دەڵێت، ئایا کوردەکان دەتوانن کێشەکانیان بە قسە چارەسەر بکەن؟ یان هەمان ئەزمونی ڕابردوو دووبارە دەکەنەوە؟".
 
موراد قەرەیلان لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: "پێویستە بە ڕوانگەی نەتەوەی دیموکراتیەوە لەگەڵ یەک کۆببینەوە، ئێمە بەم ئەزمون و ڕوانگەیەوە ساڵی ٢٠١٦مان لە باکوری کوردستان بەرەو ساڵی ٢٠١٧ تێپەڕکرد، پێمانوایە ئەم ڕوانگەیە ڕێگا بۆ ئازادی و پێکهێنانی دیموکراسی لەکوردستان دەکاتەوە".

نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی لە رێككەوتی ٢٤ی ئەم مانگەدا لە چاوپێكەوتنێكی دا لەگەڵ ماڵپەری ئەلمۆنیتەر ڕایگەیاند، پێویستە پەكەكە شنگال چۆڵ بكات، لە بەر ئەوەی ڕێگرە لە ئاوەدانكردنەوەی ئەو قەزایە و گەڕانەوەی دانیشتوانەكەی بە پیچەوانەوە ئەگەری ئەوە هەیە هێز لە دژی پەكەكە بەكاربهێنرێت.



PM:04:55:30/12/2016