عادل موراد: كۆمەڵێكی كەم ئیدارەو دارایی یەكێتی بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاردەهێنن

سکرتێری ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی، عادل موراد رایگەیاند" كۆمەڵێكی كەم ئیدارەو دارایی یەكێتی بۆ بەرژەوەندی خۆیان و سەیارەو خانو و سەفەرو كۆنفرانس لەسەر حیسابی یەكێتیی بەكاردەهێنن".

عادل موراد یەکێک لە دامەزرێنەرانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک لە نوسینێکدا بەناونیشانی " دەنگی خۆم دەخەمە پاڵ دەنگی كارمەندو كادرە ناڕازییەكانی یەكێتیی"، دەڵێت" یەكێتییەكەمان لە دوای نەخۆش كەوتنی مام جەلال بەدەست چەندین كێشە و گرفت جۆراو جۆر دەناڵینێت، كەزۆربەیان بەداخەوە زادەی دەست سەركردەكانێتی كەبێ گوێدانە مێژوو و جەماوەر و رای كادیر و ئەندامانی یەكێتیی، یاری بەموقدەرات و پارە و پوولی ئەم حزبەوە دەكەن و كادرە دڵسۆزەكانیشی بەسكی برسی و گیرفانی خاڵی هەوڵ و كۆشش دەدەن لە پێناو پاراستنی یەكێتیی و دەسكەوتەكانی، سەرەڕای زیادبوونی داهاتی نەوت و غاز هەرێم كەبەشێكی زۆر كەمی دەگاتە دەستی هاوڵاتیانی و ماف خوراوانی هەرێمەكەمان، كەمن چەندین جار داوای كشانەوەی وەزیرەكانم كرد لەم حكومەتە شكست خواردوە، بەڵام بێ هودە بوو".

لەو نووسینەدا سکرتێری ئەنجومەنی ناوەند دەڵێت" پێم وایە كشانەوەی وەزیرەكانمان كە بەركەنارخراون لەم حكومەتە ئێستا پێویستە، و دەبێت پێداگری بكەین لەدابینكردنی موچەی فەرمانبەران و هێزی پێشمەرگەی كوردستان، لەرێگەی جێبەجێکردنی یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2017 كەمافەكانی خەڵكی كوردستانی تێدا جێگیر كراوە".

دەقی نووسینەکە..

عادل موراد: دەنگی خۆم دەخەمە پاڵ دەنگی كارمەندو كادرە ناڕازییەكانی یەكێتیی
بەداخێكی زۆرەوە هەواڵی جۆراو جۆر دەبیستین سەبارەت بەنیگەرانی كادرانی یەكێتیی لەپای دواكەوتنی موچەكانیان، لەزۆربەی ئۆرگانەكان، لێرەوە نیگەرانی خۆم دەردەبڕم بەرامبەر بەو سیاسەتانەی كەخەڵكی كوردستانی گەیاند بەم بارودۆخە ناهەموارە، كەحزب و كادرەكانیشی بێبەش نەبون لەخراپیی بارو و گوزەرانی دارایی و ئابوری وەبەتایبەتی كادرانی مەكتەبی راگەیاندن كەرۆژانێكی زۆر وەك سەربازی ون لە رۆژگارە سەخت و دژوارەكاندا بێوچان كاریان دەكرد لەپێناو گەیاندنی پەیامی و بەرنامەی حزب لەپێناو خزمەت كردنی گەل و نیشتمان، كەشەرەفی ئەوەم پێ بەخشرا ببم بە بەرپرسی مەكتەبی راگەیاندن لەنێوان ساڵانی 1994 تا 2001 و كارمەندو كادرەكانی ئەوسای مەكتەبی راگەیاندن شایەتی ئەو پەیوەندییەو هاوكارییە زۆر بەهێزە بوون، كە مام جەلال زۆر بەپەرۆشەوە چاودێری و سەرپەرشتی کارەکانی مەكتەبی ڕاگەیاندن و بەوردی ئاگای لە باروگوزەرانی كادرو كارمەندی دەزگاكانی راگەیاندنی دەكرد.
ئەمڕۆ كە یەكێتییەكەمان لە دوای نەخۆش كەوتنی مام جەلال بەدەست چەندین كێشە و گرفت جۆراو جۆر دەناڵینێت، كەزۆربەیان بەداخەوە زادەی دەست سەركردەكانێتی كەبێ گوێدانە مێژوو و جەماوەر و رای كادیر و ئەندامانی یەكێتیی، یاری بەموقدەرات و پارە و پوولی ئەم حزبەوە دەكەن و كادرە دڵسۆزەكانیشی بەسكی برسی و گیرفانی خاڵی هەوڵ و كۆشش دەدەن لە پێناو پاراستنی یەكێتیی و دەسكەوتەكانی، سەرەڕای زیادبوونی داهاتی نەوت و غاز هەرێم كەبەشێكی زۆر كەمی دەگاتە دەستی هاوڵاتیانی و ماف خوراوانی هەرێمەكەمان، كەمن چەندین جار داوای كشانەوەی وەزیرەكانم كرد لەم حكومەتە شكست خواردوە، بەڵام بێ هودە بوو.
دەبینین كۆمەڵێكی كەم ئیدارەو دارایی یەكێتی بۆ بەرژەوەندی خۆیان و سەیارەو خانو و سەفەرو كۆنفرانس لەسەر حیسابی یەكێتیی بەكاردەهێنن.
لێرەشەوە دەنگی خۆم دەخەمە پاڵ دەنگی ئەو كادرانەی كەداوایان كردوە مافە خوراوەكانیان پێ بدرێت و تەخشان پەخشان بەپارەی حزبەوە لەپێناو كڕینی وەلائی ئەم و ئەو راگێرێت، كە بێ گومان ئەو پارەیەی كەبۆ كڕینی وەلائی یەك كەس تەرخان دەكرێت دەتوانرێت موچەی نەدراوەكانی سەدان كادری دڵسۆز و بەئەزمونی پێ بدرێت.
پێم وایە كشانەوەی وەزیرەكانمان كە بەركەنارخراون لەم حكومەتە ئێستا پێویستە، و دەبێت پێداگری بكەین لەدابینكردنی موچەی فەرمانبەران و هێزی پێشمەرگەی كوردستان، لەرێگەی جێبەجێکردنی یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2017 كەمافەكانی خەڵكی كوردستانی تێدا جێگیر كراوە.
لێرەشەوە داوادەكەم بەزوترین كات مەكتەبی ئیدارەو داریی گشتی یەكێتی بخرێتە ژیر چاودێری لیژنەیەك لە ئەنجومەنی سەركردایەتی و ئەنجومەنی ناوەندی بۆ وردبینیكردن و دارشتنەوەی خەرجی و داهاتەكانی، بەشێوەیەك كە مووچەی كادیر و كارمەندەكان لەكاتی خۆیدا و بێ داوكەتن دابەش بكرێت.
عادل موارد
٢٠١٧/١



PM:07:33:06/01/2017